2016-12-15

خەبات – رانیار دڵشاد

بۆ یەكەمین جار لە هۆڵیۆد و لە زانكۆی نیویۆرك فیلم ئەكادیمی  ژمارەیەك فیلمی كوردی نمایش دەكرێت، لەبارەی نماشكردنی ئەو فیلمانە، سینەماكاری كورد خالید حەمەلاو بە (خەبات) ی راگەیاند: سبەی 16 /12/2016 كۆمەڵێك فیلم لەهۆڵی سینەمای زانكۆی نیویۆرك فیلم ئەكادیمی نمایشدەكرێت كە هەڵبژاردەیەكن لەو فیلمانەی بەدەستمان گەیشتبوو . هەروەها لەبارەی چۆنیەتی نمایشكردنی فیلمەكان گوتی:
ئەم نمایشە وەك جەژنێكە  بۆ سینەماكارانی كورد، چونكە بۆ یەكەمین جارە فیلمی كوردی لەزانكۆیەكی سینەمایی بۆ قوتابیان و مامۆستایانی زانستەكانی سینەما و سینەماكاری ئەمریكی و كوردانی كالیفۆرنیا نمایش دەكرێت . هەروەها گوتی: پاش هەوڵێكی یەك ساڵە و كۆڵنەدان،  سەرەنجام گەیشتین بە نمایشی كۆمەڵێك فیلمی كوردی، لێرەدا جێی خۆیەتی كۆمەڵێك شت ڕوون بكەینەوە كە ڕەنگە بەرچاو ڕوونی بۆ داهاتوو بدات، ئەو فیلمانەی نمایش دەكرێن ،  خاوەنی خەڵاتی ناوخۆیی كوردستانن و لە هەمان كاتدا خاوەنی چەندین خەڵاتی ناوچەیی و جیهانین.
 لەبارەی جۆری ئەو فیلمانەی نمایش دەكرێن خالید حەمەلاو گوتی: لەبەر زۆر هۆكار، نمایشەكە تەنها بۆ فیلمی كورت ڕەخسا، لەسەروو هەمووشیانەوە هۆكاری مادی ڕێگر بوو لە نمایشێكی سێ ڕۆژە كە بڕیاربوو بۆ فیلمی درێژ و كورتە فیلم و دیكۆمێنتاری  بێت،
جێی خۆیەتی سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە بكەین كە فیلمیان بۆ ناردین و لەم نمایشەدا جێیان بووەتەوە، ئەوانەشی جێیان نەبووەتەوە ئومێد دەكەین لە هەنگاوەكانی داهاتوو بە شێوازی جیاواز  كاریان لەسەر بكرێت.
لەبارەی ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی بۆ ئەم نمایشە دراوە گوتی: 
ئێمە چەندجارێك پەیوەندیمان بەچەند دەزگایەكی سینەماییەوە كرد،  بەداخەوە وەڵامی نەرێنییان پیشانداو هەندێك جار پەرچەكرداری ناخۆش و داوای قورسیان هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا جێی خۆیەتی سوپاسی تایبەتی بەڕیوەبەرایەتی سینەمای هەولێر بكرێت لە بەدەنگەوەهاتنی چالاكییەكە و هەروەها ڕۆڵی بەڕێز شاخەوان مستەفای بەڕێوەبەر جێی ڕێز و پێزانیینە.
ئەم چالاییە چالاكییەكی كەڵچەری و خۆبەخشانەی بێ قازانجە و 
تەواوی چالاكییەك بەهەوڵە كەسییەكان بەرهەم هاتوون و سوپاس بۆ هەموو ئەو كەسانەی هاوكارمان بوون چ لە كوردستان و چ لە كالیفۆرنیا، هەروەها پێویستە سوپاسی تایبەتی نێۆرك فیلم بكرێت كە زۆر گەرم وگوڕ پێشوازییان لەبیرۆكەكە كرد.
 
لەبارەی ئەو زانكۆیە گوتی: زانكۆی ناوبراو خاوەنی 1700  قوتابی بەكالۆرێۆس و ماستەرە لەبەشە جیاكانی زانستی سینەمادا، هەروەها ڕۆژی نمایش ڕاستەوخۆ چالاكییەكە تۆماردەكەن و لەلینكی زانكۆوە هەموو كەس دەتوانێت ڕاستەوخۆ ببینێت كە دواتر لینكەكە بڵاو دەكەینەوە.
هەر لێرەوە بانگهێشتی تەواوی كوردانی كالیفۆرنیا و هاوڕێ و دۆستەكانیان دەكەین بفەرموون ئێوارەیك لەگەڵ فیلم و سینەمای كوردی.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌