2016-12-12


لەنجە عەلی هونەرمەندی کورد، دوای ئەوەی باوک و خوشکێکی کۆچیدواییان کرد, بۆ ماوەیەکی زۆر بێدەنگ و دوورە پەرێزبوو لە کاری هونەری، بەڵام بۆ یەکەمجار بۆ رووداوی ئاشکرا دەکات، کە سەرقاڵی بەرهەمێكی نوێیە، لە تێکست و ئاوازی خۆیەتی، بۆیە بڕیاری گەڕانەوەی بۆ نێو مەیدانی هونەرو گۆرانی داوە.

لەنجە عەلی بەرووداوی راگەیاند "هەموو کەس وایدەزانی دوای ئەو کۆستە گەورانە ئیدی من جارێکی دیکە کاری هونەری ناکەمەوە، بەڵام ئەمجارە بە گڕوتینێکی زیاترەوە رووم لە گۆرانی گوتن کردووە، کە بۆ یەکەمجارە ئاواز و تێکستی گۆرانییەکە خۆم نووسیومە، بۆیە هەست دەکەم ئەم گۆرانییە نوێیە هەڵقوڵاوی ناخی منەو رەنگدانەوەی هەستەکانی منە".

لەنجە دەشڵێت " سینا عالەم ، یەکێکە لەو ژەنیارە ناودارانەی ئێران، کە کاری ژەنینی  هەمایۆن شەجەرییانی کردووە، هەر ئەو کاری دابەشکردنی بۆ عەلی زەند وەكیلی كردووە، هەر ئەمیش كاری بۆ ئەم گۆرانیەی من کردووە، لە ئێرانیش گۆرانییەکەمان تۆمار کردووە، کارێکی زۆر ناوازە  دەرچووە، هیوادارم جێگەی خۆی لە دڵی هەوادارانم بکاتەوە".

لەنجە عەلی بڕیاریداوە لەماوەیەکی زۆر نزیکدا ئەم گۆرانییە بڵاوبکاتەوە،چونکە پێیوایە هەوادارانی بە پەرۆشن بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم بەرهەمە، کە بۆ یەکەمجارە گۆرانییەک لە تێکست و ئاوازی خۆی بەرهەمدێنێت.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌