2016-12-06

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان (سلێمانی – هەڵەبجە)، عەتا شێخ حەسەن لە لێدوانێكیدا باس لە دەرەنجامی سەردانی شاندی باڵای حزبەكەی بۆ لای بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان و هۆكاری دواكەوتنی سەردانی شاندەكە بۆ سلێمانی، هەروەها تێڕوانینی پارتی بۆ دۆخی ئێستای پارێزگای سلێمانی و خۆپیشاندانی مامۆستایان و نیگەرانییەكانی حزبەكەی بەرامبەر بزووتنەوەی گۆڕان و تۆمەتباركردنی ئەو حزبە بە جوڵاندنی خۆپیشاندەران دەكات. 

پەیامەكەی سەرۆك بارزانی پەیامێكی شمولی ئاشكرا و شەفاف بوو

عەتا شێخ حەسەن سەرەتا و لەبارەی ئەنجامی دیدار و كۆبوونەوەكانی هەفتەی رابردووی شاندی باڵای پارتی بۆ لای بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان لە هەولێر دوا و گوتی: لە یەكەم كاتی راگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە حزبە سیاسییەكان پێشوازیان لە پەیامەكە كرد و بەهەستكردن بە بەرپرسیارێتیەوە مامەڵەیان لەگەڵ ناوەڕۆكی پەیامەكەی سەرۆك كرد، چونكە پەیامەكە پەیامێكی شمولی ئاشكرا و شەفاف بوو، رێكخستنەوەی دەسەڵاتەكان بوو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و هاوسەنگكردنی ئەو جومگانە بوو كە ئەگەر جۆرێك لە جۆرەكان لایەنە سیاسییەكان تێبینیان لەسەری هەبوبێت، بۆیە پەیامەكە لە یەكەم جاری راگەیاندنیەوە پێشوازییەكی گەرمی لێكرا.

ئەنجامی گفتوگۆكان ئیجابیەو بەردەوامیشی هەیە

ئەو هەروەها گوتی: ئەنجامی گفتوگۆی شاندی باڵای پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئەنجامی ئیجابیە و بەردەوامیشی هەیە و بڕیارە لەم هەفتەیەشدا بەردەوامی هەبێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی میكانیزمی تەرجومەكردنی پەیامەكەی سەرۆك ببینرێتەوە كە ئەوەش بە گفتوگۆ دەكرێت. گوتیشی: پارتی دەیەوێت لە رێگەی گفتوگۆ و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە سیاسییەكان میكانیزمی تەرجومەكردنی پەیامەكەی سەرۆك لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكدا بەرهەم بهێنێت، ناوەڕۆكی گفتوگۆكانیش لەگەڵ لایەنەكان لە ناوەڕۆكی پەیامەكەی سەرۆكدایە كە رایدەگەیەنێت كەسێك دیاری بكرێت بۆ شوێنەكەی تا هەڵبژاردنی داهاتوو. خاڵی دووەم كاراكردنەوەی پەرلەمانە كە بووە بە بنێشتە خۆشەی ژێر دانی هەندێك هێزی سیاسی وەك لە پەیامەكەی سەرۆكدا هاتووە كە چاو بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بخشێنرێتەوە و بگۆڕدرێت، بەهۆی ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان دەرەنجامی رێككەوتنێكی سیاسییە و پارتی متمانەی لەم كاراكتەرەی سەرۆكایەتی پەرلەمان سەندۆتەوە و پێویستە ئەم سەرۆكایەتییە بگۆڕدرێت، هەروەها پێداچوونەوە بە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێت كە ئەمە هاوسەنگكردنی دەسەڵاتەكانە، لە چوارچێوەی ئەو سێ‌ خاڵەدا گفتوگۆكان بەردەوامە بۆ بینینی میكانیزمی بە كرداری كردنیان.

پێویستە ئارامییەك دروست بكەن

هەفتەی رابردوو شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر لەگەڵ بەشێك لە لایەنەكان كۆبوونەوە، بڕیاربوو سەرەتای ئەم هەفتەیەش سەردانی سلێمانی بكەن بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان. لە بارەی هۆكاری دواكەوتنی سەردانی شاندەكەوە عەتا شێخ حەسەن گوتی: رەنگە هۆكارێكی دیاریكراو نەبێت، بەڵام بەردەوام رەوشی گفتوگۆ پێویستی بە كەشێكی ئارام هەیە و پێویستە هێزە سیاسییەكانی سەر گۆڕەپانی سلێمانی ئارامییەك دروست بكەن بۆ هاتنی وەفدی دانوستانكار و كەشێك دروست بكەن كە كەشی گفتوگۆ بێت، بە نموونە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رەنگە ئەوەیان ساغ نەكردبێتەوە كە چ وەفدێكیان پێشوازی وەفدەكەی پارتی دەكات. سەبارەت بە بزووتنەوەی گۆڕانیش لە رێگەی گوتەبێژەكەیەوە ئامادەیی دەربڕی بۆ پێشوازی وەفدەكەی پارتی و بە خاڵێكی پۆزەتیڤی وەسف كرد، بەڵام زۆرجار سروشتی ئەم بزووتنەوەیە وابووە هەندێك فەیسبوك وان و هەڵسوڕاوی سیاسییان لە دەرەوەی فەلەكی سیاسیی خۆیان كە خاوەن بڕیاریشن لەناو خۆیاندا بە نەغمەیەكی تر دەخوێنن، پێویستە ئەم نەغمانە بێدەنگ بكرێن لەبەر ئەوەی ئێستا كاتی ئەوەیە كۆی هێزە نیشتمانییەكان بە رۆحی نیشتمانپەروەری پێشوازی لە پڕۆژەی رێكخستنەوەی ناوماڵی كورد بكەن كە ئەوەش تەنها بە گفتوگۆ و كۆبوونەوە دەكرێت.

خۆپیشاندانەكانی مامۆستایان

پێش چەند رۆژێك ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانی و هەڵەبجەی پارتی راگەیەنراوێكی لەسەر بەردەوامی خۆپیشاندانەكانی مامۆستایان بڵاوكردەوە و بزووتنەوەی گۆڕانیان بە جوڵاندنی خۆپیشاندانەكان تۆمەتبار كرد، گوتەبێژەكەی پارتی لەو بارەیەوە قسەی زیاتری كرد و گوتی: وەك لە بەیاننامەی چەند رۆژی رابردووی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی بڵاومان كردەوە ئێمە شەرعیەت دەدەین بە رێپێوانی هێمنانەی مامۆستایان و مافێكی رەوای خۆیانە و پشتیوانی دەكەین، داواشمان لە حكوومەت كردووە چاو بە شایستە داراییەكانی فەرمانبەران و مامۆستایانی كوردستاندا بخشێنێتەوە و داوای چارەسەری بەپەلەی كێشەكانی خەڵكمان كردووە. گوتیشی: خاڵێكی تر ئەوەی ئێمە دەیبینین لەناو شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵكەوە گۆڕان وەك سونەتی كاری خۆی كە ئەوەش یەكەم جاری نییە دەخزێتە ناو جوڵەی ناڕەزایەتی خەڵكەوە و خەڵك ئاراستە دەكات، لەبەر ئەوەی سروشتی ئەم هێزە بۆ خۆی هەر وابووە و لە دەرەوەی فەلەكی كۆمەڵگە خەڵكی ئاراستە كردووە كە ئەوەش زۆرجار دەرهاویشتەی خراپی بۆ كایەی سیاسی و توندڕەوی لە كایەی سیاسی بەرهەم هێناوە. بۆیە بەیاننامەكەمان ئاگاداركردنەوی خەڵك و لایەنە سیاسییەكان بوو لە مەترسی ئاراستەكردنی خۆپیشاندەران بۆ هەندێك مەتڵەبی سیاسی، چونكە بەردەوام ئەگەر خۆپیشاندەر خەڵكی سیاسی ئاراستەی كرد ئەوكات ئەجێندای سیاسی خۆی تێدا تەوزیف دەكات و ئەو كاتەش زیان بە داواكانی خەڵك و ئاشتی و پێكەوە ژیانیش دەگەیەنێت.

دۆخی سلێمانی و بایكۆتی مامۆستایان

سەبارەت بە هەڵوێستی ئەو حزبەش لە بارەی دۆخی ئێستای پارێزگای سلێمانییەوە، گوتەبێژەكەی پارتی لە وەڵامدا گوتی: دۆخی سلێمانی و بایكۆتی مامۆستایان پەیوەندی بە حكوومەتەوە هەیە و حكوومەت لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان دایە و وەزیری پەروەردەش جارێكی تر داواكاری دەستپێكردنەوەی دەوامی لە مامۆستایان كردووە و چاو بە شایستە داراییەكانیان دەخشێنرێتەوە، ئێمەش وەك لایەنێكی سیاسی داوامان كردووە لە حكوومەت چاو بە دۆخی خەڵكدا بخشێنێتەوە. ئەوەی كە پەیوەستە بە دۆخی سیاسی سلێمانییەوە، پارتی وەك هێزێكی سیاسی گەورە كە بۆ هەموو كوردستان پڕۆژەی هەیە، بەنموونە لە پڕۆژەی ریفراندۆمدا كە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پێشنیاز كراوە لە راپرسی زانكۆیەكدا زیاتر لە 60 لەسەدی خەڵكی سلێمانی دەنگیان پێداوە، بەڵام رەنگە دۆخێكی سیاسی وا لە سلێمانی دروست بوبێت بوار نەدەن خەڵك گوزارشت لە ماف و ئیرادەی خۆی بكات، پارتی پڕۆژەیەكی گشتگیری بۆ هەموو كوردستان هەیە و دوا پڕۆژەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش روونە و جەخت لەسەر ئاشتی و پێكەوە ژیان دەكاتەوە كە داوای سەرەكی هاووڵاتییانە.

پێویستمان بە رێكخستنەوەی ناوماڵی خۆمان هەیە

لە كۆتایی لێدوانەكەیدا، عەتا شێخ حەسەن باسی لە هەستیاری دۆخەكە و پێویستی یەكدەنگی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد و گوتی: ئێستا كە كۆی خاكی كوردستان لە ژێر دەستی هێزە سیساییەكان و پاراستنی پێشمەرگەدایە، هەلێكی زێڕینی مێژووییە كە كوردستان بڕیاری داهاتوو بدات لە جەنگی دوای داعش بەتایبەتی دوای رزگاركردنی مووسڵ پێشهاتی سیاسی زۆر گەورە لەسەر ئاستی ناوچەكە و عێراق و كوردستان بەڕێوەیە، گۆڕانی ئیدارەی ئەمریكا و بردنەوەی ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە و گەڕانەوەی كۆمارییەكان بۆسەر دەسەڵات، رەنگە سەرلەنوێ‌ ئاڵوگۆڕی سیاسی لە كۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە كوردستانی عێراق بەرجەستە بكات، بۆیە وەك لایەنە سیاسیەكان پێویستمان بە رێكخستنەوەی ناوماڵی خۆمان هەیە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌