2016-12-04

و: موحسین خالیدی

سەرەتا:
شەڕ و پێكدادان لە مووسڵ بەرەو چ قۆناغێك دەڕوا و رۆڵی كورد و پێشمەرگەی كوردستان لەو شەڕەدا تا ئێستا چی بووە؟ داهاتووی كوردستانی عێراق بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت و داهاتووی عێراق دوای داعش چی دەبێت؟ ئەمانە و چەند پرسێكی دیكە، لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكەین:
-    لە مووسڵەوە دەست پێدەكەم. رەوتی گۆڕانكارییەكان لە مووسڵ بە پێی پێشبینیی ئێوە بوو؟ یانی قۆناغەكانی شەڕ بەوجۆرە بوو كە لە پلانتاندا بوو یان پێشڕەوییەكان كەم بوون؟
سەرۆك بارزانی: شەڕی مووسڵ بە پێی پلان دەستیپێكرد و زۆر سەركەوتووانەش بووە. قۆناغی یەكەم بە باشی تەواو بوو، قۆناغی دووهەمیش بە سەركەوتوویی دەستیپێكردووە. چاوەڕێی ئەوەمان نەدەكرد كە شەڕێكی ئاسان بێت. شەڕێكی قورسە، بەڵام پێشكەوتنی زۆر باشمان بەدەستهێناوە. شەڕی ناو شار زۆر قورسە و لەگەڵ شەڕی دەرەوەی شار زۆر جیاوازیی هەیە.
-    ئایا چاوەڕوانی ئەو بەرگرییەتان لە داعش دەكرد بە تایبەت بەو ژمارە زۆرە هێرشی خۆكوژییە كە ئەنجامی دەدات؟
سەرۆك بارزانی: مووسڵ شارێكی زۆر گەورەیە، دووهەمین شاری گەورەی عێراقە. لەكاتی داڕشتنی پلانی گرتنەوەی مووسڵ، بە فەرماندە سەربازییەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقم گوت كە شەڕی سەرەكی ئێمە، رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێرشە خۆكوژییەكانی داعشە، چونكە ئەوە، تاكتیكی سەرەكیی ئەوان دەبێت. بۆیە پێش لە شەڕەكە، پێشمەرگە و سوپای عێراقمان ئاگادار كردەوە كە دەبێ ئامادەیی بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشەیان هەبێت و هەموو ئەگەرێك لەبەر چاو بگرن.
-    وادیارە كە هێزەكانی پێشمەرگە بە گرتنەوەی بەعشیقە، كۆتاییان بە ئەركەكەیان هێناوە. لەدوای ئەمە، رۆڵی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان بە دیاریكراوی لە شەڕی مووسڵدا چی دەبێت؟
سەرۆك بارزانی: راستە. پلانی رزگاركردنی مووسڵ بە دوو قۆناغ دیاریكرا. لە قۆناغی یەكەم ئەركی پێشمەرگە شكاندنی هێڵی یەكەمی بەرگریی داعش بوو، كە بە سەركەوتوویی ئەنجامی دا. قۆناغی دووهەم بە تەواوەتی لە ئەستۆی سوپای عێراقە، بەڵام ئەمە بە مانای كۆتاییهاتنی مەترسیی داعش بۆ سەر كوردستان نییە. هیچ كەس ئاگاداری ئەوە نییە. رەنگە مەترسییەكە بە شێوەیەكی دیكە خۆی بنوێنێ، بۆیە هێزەكانی پێشمەرگە لە بنكەكانی خۆیان بە بەردەوام لە ئامادەباشیدان.
-    پێشبینی دەكەی دوای رزگاركردنی مووسڵ، چ مەترسیگەلێك هەڕەشە لە كوردستانی عێراق و خودی عێراق بكەن؟ ئایا پێت وایە داعش تەواو دەبێت؟
سەرۆك بارزانی: نا. داعش تەواو نابێت. كۆتاییهاتنی داعش لە مووسڵ بە مانای كۆتاییهاتنی مەترسییەكانی نییە، ئەوانە تەنیا رەنگ دەگۆڕن و بە ناوێكی دیكە دەگەڕێنەوە. كاتی حزبی بەعس تێكشكا، گوتمان، رزگارمان بوو. بە ئازادی و ئارامی گەیشتین، بەڵام دواتر لەگەڵ ئەلقاعیدە و ئەنساری ئیسلام و ئێستاش لەگەڵ داعش بەرەوڕوو بووینەوە، بۆیە مەترسییەكان كۆتاییان نایەت.
-    ئێستا یەكێك لە گرنگترین باسەكان، بابەتی ناوچە كێشە لەسەرەكانە. ئەو ناوچانەی كە هێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵی كردوون. چ لە شنگال، چ لە كەركووك. قسەی دژ بە یەك زۆرن. دەگوترێت كە ئەمەریكا داوای كردووە كە هێزەكانی پێشمەرگە بكشێنەوە. یان لێكتێگەیشتنێك لەنێوان ئێوە و بەغدادا هەیە؟ ئێوە دەتوانن چی بكەن؟ ئایا لەوی دەمێننەوە، یان رادەستی حكومەتی ناوەندیی دەكەنەوە؟
سەرۆك بارزانی: ئەو هێڵە بەرگرییەی كە پێشمەرگە پێش هێرشی مووسڵ لە 17ی ئۆكتۆبەر دیارییكرد، بە هیچ شێوەیەك جێی باس و قسە لەسەركردن نییە. پێشمەرگە لەو ناوچانە ناكشێتەوە.
-    دەڵێن لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەت ئەمەریكا كۆمەڵێك داواكاری هەیە كە ئەو ناوچانە بگەڕێننەوە و پاشەكشە بكەن.
سەرۆك بارزانی: نا، ئەوەی ئێستا قسەی لێدەكرێت، ئەو ناوچانەن كە پێشمەرگە دوای دەستپێكی شەڕی رزگاركردنی مووسڵ گرتوونی. گوندی مەسیحی و توركمان و عەرەبەكان. لەگەڵ بەغدا لەسەر پاراستنی ئەو شوێنانە رێكدەكەوین. قسەش لەوە كراوە كە یارمەتیی دانیشتووانی ئەو ناوچانە بدەین كە چۆن پارێزگاری لە خۆیان بكەن. وەكو یارمەتیدانی پۆلیسی خەڵكی ناوچەكە و بێگومان ئەگەر بارودۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانە پارێزراو بێت و پێویستیان بە مانەوەی پێشمەرگە نەبێت، ئەوا چۆڵیان دەكەین. ئەوەش بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا دەكرێت. لەگەڵ بەغدا بە جۆرێك رێكدەكەوین تا هیچ مەترسییەك هەڕەشە لەو ناوچانە نەكات.
-    یانی ئێوە هەم لە كەركووك دەمێننەوە هەم لە شنگال؟
سەرۆك بارزانی: بێگومان لەوانە دەمێنینەوە، چونكە بەر لە دەستپێكردنی شەڕی مووسڵ لە 17ی ئۆكتۆبەر، ئەو شوێنانە هێڵی بەرگریی ئێمە بوون.
-    چ جیاوازییەك لە نێوان پێشمەرگەی ئێستا و پێشمەرگەی پێش لە داعش هەیە، بە تایبەت كە دەڵێن، هۆكاری كەوتنی شنگال و رووداوەكانی دواتری، پاشەكشەكردنی پێشمەرگە بووە. تەنانەت تۆمەتبار كراون بەوەی كە كوردستانی عێراق لەو بارودۆخەی كە داعش خوڵقاندوویەتی، بە قازانجی خۆی كەلك وەردەگرێت؟
سەرۆك بارزانی: ئەمە بوختانێكی گەورەیە و بێ ئینسافییە كە سەبارەت بە پێشمەرگە شتی وا بگوترێت. ئێمە 11500 شەهید و بریندارمان لە شەڕی داعشدا هەبووە و من یەك دلۆپە خوێنی پێشمەرگە بە تەواوی پایتەختەكانی جیهان ناگۆڕمەوە. لە شنگال ئەو عەشیرەتە عەرەبانە كە بڕیاربوو پشتگیری لە پێشمەرگە بكەن، خیانەتیان كرد و رێگاكانیان گرت و بوون بە هاوكاری داعش. شنگال بە خوێنی 500 پێشمەرگە رزگار كرا. سەبارەت بە جیاوازیی پێشمەرگەكانی جاران وئێستا دەبێ بڵێم، پێشمەرگەكانی پێش هێرشی داعش زۆرتر پێشمەرگەكانی سەردەمی شۆرش بوون یان ئەو لاوانەی كە هیچ ئەزموونێكیان نەبوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ شەڕی داعش بوونەتە خاوەن ئەزموونێكی زۆر و هەر كامیان بوون بە فەرماندەیەك و شارەزای تاكتیكەكانی شەڕن. فێربوون كە چۆن مین و بۆمب پووچەڵ بكەنەوە، یان چۆن لە كەرەسەكانی شەڕ كەڵك وەربگرن. ئێستا پێشمەرگەكانمان كێبەركێی ئەوە دەكەن كە كام دەستەیان لە بەرامبەر داعش باشتر شەڕ دەكەن. هاوكات ئەو دەمەی داعش هێرشی كردە سەرمان، توانای هێز بەلای ئەودا دەشكایەوە، چونكە 1700 ئۆتۆمبێلی هامری لە سوپای مالیكی گرتبوو. لە كاتێكدا چەكەكانی ئێمە كۆن و هی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق بوون، بەڵام ئێستا، پێشمەرگە كەرەسە شەڕ و ئەزموونی باشتری هەیە و ئاكامەكەشی ئەوەیە كە بۆ هەموومان دیارە.
-    هیومان رایتس و چ لەم چەند رۆژە راپۆرتێكی بڵاوكردەوە كە بێگومان ئێوەش ئاگادارن و هێزە ئەمنییەكانی كوردستانی عێراقی بەوە تۆمەتباركرد كە ماڵی عەرەبەكانیان وێران كردوون و سكاڵای ئەوەش كراوە كە لە برێك شوێن پاكتاوی عەرەب ئەنجام دەدەن. ئایا بە راستی ئێوە عەرەبەكان لەو ناوچانە دەردەكەن؟ راستیی بابەتەكە چییە؟
سەرۆك بارزانی: بەداخەوە ئەو راپۆرتە بە ئینساف نەنووسرابوو، دوور لە راستیشە. كوردستانی عێراق لە ئێستادا میوانداریی زیاتر لە 1. 5 ملیۆن عەرەب نە تەنیا لە عێراق بەڵكو لە شوێنەكانی دیكەش دەكات. یانی ئێمە 1. 5 ملیۆن كەس لە ئامێزی گەرم بگرین و دواتر خەڵكی 2 یان 3 گوند دەربكەین؟! ئایا ئەوە لەگەڵ عەقڵ دەگونجێ؟ بەڵام ئەگەر مەبەستی ئامادەكارانی ئەو جۆرە راپۆرتانە ئەوە بێت كە لەوانە خۆش بین كە هاوكاری داعش بوون و خەڵكیان لێ كوشتین و كچەكانی ئێمە و ئێزدییەكانیان رفاند، دووبارە بێن لەلامان بژین، ئەوە ئێمە بەو كارە رازی نابین. دەبێ ئەو رێكخراوەیە ئامانجی خۆی لە بڵاوكردنەوەی ئەو راپۆرتە روونبكاتەوە. ئەگەر مەبەستی خەڵكی بێتاوانە، ئەوە ئێمە بە هیچ شێوەیەك ناهێڵین خەڵكی بێتاوان ئازار بدرێن، بەڵام ئەگەر مەبەستیان گەڕانەوەی داعشییەكانە، بەلای ئێمەوە گرنگ نییە چی دەڵێن، بەڵام ئێمە ناهێڵین ئەوانە بگەڕێنەوە.
-    ئێوە بوونی توركیا لە بنكەی بەعشیقە چۆن دەبینن؟ زۆر كەس لەسەر ئەو باوەڕەن كە كوردستانی عێراق و بە تایبەت جەنابت ئیزنتان داوە كە ئەو هێزانە بێنە ناو خاكی عێراق كە پێش لە دەستپێكی شەڕی مووسڵ، باس و خواستی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، بەڵام تەنانەت كە لە فەرماندەكانی خۆتانم پرسیوە، یارمەتییەكی ئەوتۆتان لەوان وەرنەگرتووە؟
سەرۆك بارزانی: خەڵك چی دەڵێن كەیفی خۆیانە، بەڵام راستییەكە لە عەرزی واقعدا شتێكی دیكەیە. كاتێك داعش هێرشی كردە سەر كوردستان، هێزەكانی هاوپەیمانان بەرگریان لەم ناوچەیە كرد و چەندین بنكەی سەربازییەن بۆ راهێنانی پێشمەرگە كردەوە. هاوكات توركیاش 2 بنكەی سەربازیی بۆ ئەو ئەندامانەی سوپا و پۆلیس كە لە مووسڵ هاڵاتبوون دامەزراند. بنكەیەكیشی بۆ پێشوازی لە هێزە خۆبەخشەكانی مووسڵ تەرخان كرد. ئەمانە بە رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی ئانجام دران. دواتر بەهۆی نزیكیی بنكەكانیان لە داعش و بەردەوامی هێرشەكان، هێزی زیاترتان بۆ پاراستنیان هێنا. ئێمە پێشگریمان لێ نەكردن، بەڵام لەسەر داوای ئێمەش نەهاتوون. ئەمە شتێكی ئاسایی بوو، بەڵام بەداخەوە چەند گروپێك ئەو بابەتەیان گەورە كردەوە. هیوادارین توركیا و بەغدا بە رێككەوتنی دوولایەنە ئەو بابەتە چارەسەر بكەن و نەهێڵن پەیوەندیی نێوانیان تێكبدات. ئێمە سوپاسی تەواوی ئەو كەسانەمان كردووە كە لە شەڕی دژ بە داعش هاوكاریان كردووین، بەڵام ئەمە كێشەیەكی سیاسی لە نێوان بەغدا و ئەنكارایە و پێمان خۆشە و تێدەكۆشین بە لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێت و گەورە نەبێتەوە.  -    توركیە بەردەوام لەسەر رۆڵی هێزی شیعەكان بە تایبەت لە دەوروبەری تەلەعفەر هوشداری دەدات. ئایا بۆ كوردستانی عێراقیش ئەو هەستیارییە بۆ بوونی هێزەكانی شیعە هەیە، بە تایبەت كە دەزانین لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن؟ ئایا هاوكاریان دەكەن یان بە بوونیان خۆشحاڵ نین؟
سەرۆك بارزانی: بەر لەهەرچی شتە، ئێمە ئەو هەستیارییەمان بەرامبەر بە شیعە و سوننە نییە. ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەن كە دەبێ بیركردنەوەی هەموومان لەسەر شەڕی داعش و تێكشكانی چڕبكرێتەوە. خاڵی دووهەم، ئێمە هەموو هەوڵێكمان خستەگەڕ تا پێش دەستپێكردنی شەڕی مووسڵ، بە رێككەوتنێكی سیاسی بگەین كە بەداخەوە تا ماوەیەك مسۆگەر نەبوو. رێككەوتنەكە لەسەر ئەوە بوو كە هەر گروپێكی سەربازی دەبێ چۆن و لە كوێ چالاكی هەبێت، بەڵام بەهۆی كێشە و هەستیاریی نێوان شیعە و سوننە، چەندینجار ئەو رێككەوتنە بێ ئەنجام بوو. بەڵام ئێمە هەوڵمان دا رێگەیەكی مامناوەند بدۆزینەوە تا هەموو لایەنەكان پێی رازی بن. لە كۆتاییدا بەو رێككەوتنە گەیشتین كە هێزەكانی پێشمەرگە تەنیا لە قۆناغی یەكەم بەشداربن. لەسەرەتاوە پلانەكە وا بوو كە حەشی شەعبی نەچێتە ناو مووسڵ و تەلەعفەر، بەڵام بەوهۆیەی ئەوان لەگەڵ داعش شەڕ دەكەن، پێشوازییان لێدەكەین و خۆشحاڵین كە تا ئێستا پابەندی رێككەوتنەكە بوون و هیوادارین كە پابەند بمێنن و هیچ كێشەیەك لە هیچ لایەنێك روونەدات.
-    رۆڵی ئێران لەم رووەوە چۆن دەبینن. ئەگەر لە بیرتان بێت، لە سەرەتای هێرشی داعش، ئێران یارمەتی كوردستانی عێراقی دا. لە دوای ئەوە، یارمەتییەكانی ئێران لە چ ئاستێكدایە؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ. هەر لە سەرەتای شەڕەوە، ئێران چەك و تەقەمەنی بۆ ناردین و ئێمە سوپاسگوزاریانین، هەر بەو چەشنەی كە لە یارمەتی وڵاتانی دیكە و هێزی هاوپەیمانان سوپاس دەكەین، بەڵام ئێستا دەمانەوێ پەیوەندییەكی ئاساییمان لەگەڵ ئێران هەبێت و تەئكیدی دەكەمەوە كە لە ئێستادا هیچ هێزێكی ئێرانی لە كوردستانی عێراقدا بوونیان نییە. بەڵام ئەوە راستە كە لە سەرەتای شەڕ، بە چەك و تەقەمەنی یارمەتیان داین.
-    ئەو بابەتەی ئەم ماوەیە قسەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، خەباتی چەكداریی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ناوخۆی وڵاتدا بوو، تەنانەت ئاغای مستەفا هیجری گوتی كە بەردەوامیی بەم جۆرە خەباتە دەدەن. ئایا ئێوە لەلایەن ئێرانەوە فشارتان خراوەتە سەر تا پێش بەم چالاكییە بگرن كە لەلایەن هێزەكانی دژ بە ئێران ئەنجام دەدرێن؟ رای خۆتان سەبارەت بەو بابەتە چییە؟
سەرۆك بارزانی: ئێمە پێمان خۆشە، ئەمنییەت و ئاسایش خۆمان و دراوسێكانمان پارێزراو بێت. راستە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لێرەن، بەڵام ئەوان لەناو ئێرانیشدا هێزیان هەیە. دەمەوێ لێرەوە تەئكید لەوە بكەمەوە كە لە رێی شەڕ هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكرێت، بۆیە دەبێت كۆماری ئیسلامی ئێران و حزبی دیموكرات و هێزەكانی دیكە، بە رێگەی گفتوگۆ، بە رێگەچارەیەكی ئاشتیانە بگەن. ئێمە لەم بارودۆخە خۆشحاڵ نین، بەڵام ناتوانین سیاسەتی حزبێكی دیكە دیاری بكەین و بەسەریاندا بسەپێنین. ئەوان خۆیان لە بەرامبەر كردەوە و سیاسەتیاندا بەرپرسیارن.
-    بەڵام ئەوان لە ناو خاكی ئێوەوە دەچنە ناو خاكی ئێران و چالاكی ئانجام دەدەن و ئێرانیش لە وەڵامدا چەندینجار گوندەكانی كوردستانی عێراقی بوردومان كردووە؟
سەرۆك بارزانی: كێشە سەرەكییەكە لە راستیدا ئەمەیە. حزبەكانی دژی ئێران دەڵێن ئێمە هێزمان لێرەوە دەنێرین و لەناوخۆی ئێراندا هێزمان هەیە و چالاكی دەكەن، كەچی ئێران گوندەكانی سەر سنووری ئێمە تۆپباران دەكات و خەڵكی ئێمە زیانیان پێدەگات و ئەو كارە لەلای ئێمە قابلی قەبوڵكردن نییە. ئێمە لە هەردوو حاڵەت نارازین. ئەگەر لێرەوە هێز بچێتە ئێران و ئەگار ئەوانیش گوندەكانی ئێمە تۆپباران بكەن. ئێمە تەئكید دەكەینەوە كە لەسەر ئەو باوەرەین كە بە شەڕ كێشەكان چارەسەر نابن. لێرەوە هێز بچێت یان لەوێ شەڕ بكەن، ئێمە هیوادارین كە هەردوولایەن بە گفتوگۆ كێشەكانیان چارەسەر بكەن، بەڵام ئەگەر لە كۆتاییدا نەیانتوانی بگەنە ئەنجام، ئێمە ئامادەنین ببینە قوربانیی ئەو ململانێیە.
-    پێدەچێ ئێوە هەر ئەم كێشەتان لەگەڵ پەكەكەش بەهۆی دراوسێیتی لەگەڵ توركیادا هەیە. ئێمە لەرێی سەفەرمان بۆ شنگال هێزی پەكەكەمان دی. لەگەڵ ئەوان چ دەكەن؟
سەرۆك بارزانی: بڕیارم داوە كە هەرگیز شەڕی كورد لەگەڵ كورد روونەدات، بەڵام بەداخەوە برێك كەس لەو رەفتارەی ئێمە كەلكی نابەجێ وەردەگرن كە بێگومان ئەوەش دەبێت بە رێككەوتن چارەسەر بێت و نابێ پەكەكە شنگال بكاتە شوێنی چالاكیی خۆی. ئێمە شتی وا هەر قەبوڵ ناكەین. بەراستی پەكەكە چ كارێكی لەوێ هەیە؟ ئەو ناوچەیە هیچ پەیوەندییەكی بە پەكەكەوە نییە.
-    ئەگەر نەڕۆن ئێوە چی دەكەن؟
سەرۆك بارزانی: بۆ ئەو حاڵەتەش، ئەو كات بڕیار دەدەین.
-    با بێینە سەر داهاتووی كوردستانی عێراق. لەو كاتەوە شەڕی داعش دەستی پێكردووە، زۆرتر لە جاران لە زاری ئێوەوە باسی راپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستانی عێراق كراوە. ئایا ئێستاش لەسەر ئەو بۆچوونە بەردەوامی؟
سەرۆك بارزانی: هیچ شتێك، هیچ رووداوێك ناتوانێ پێش لە بڕیاری ئێمە بۆ سەربەخۆیی بگرێت، بەڵام هەمیشە گوتوومە كە نە بە شەڕ، بەڵكو دەبێ بە گفتوگۆ بەو ئامانجە بگەین. ئێمە ئەو گفتوگۆیەمان لەگەڵ بەغدا دەست پێكردووە و بە برێك رێككەوتن گەیشتووین. هیوادارم بە ئەنجامێك بگەین كە بە قازانجی هەموومان بێت.
-    ئەم سەربەخۆییە بە چ شێوازێك دەبێ؟ دەتانەوێ وڵاتێكی بە تەواوەتی جیا لە عێراقتان هەبێت یان ئەو سەربەخۆییە لە چوارچێوەی فیدراڵیدا بێت؟
سەرۆك بارزانی: دوای شەڕی جیهانیی یەكەم كە وڵاتی نوێی عێراق دامەزرا، ئەو وڵاتە لەسەر ئەوە بونیادنرا كە كورد و عەرەب شەریك بن. تا ساڵی 2003، ئەمە قۆناغێك بوو. بەڵام بەشی ئێمە لەو هاوبەشییە چی بوو؟ وێرانكردنی خاكمان. كۆمەڵكوژیی میللەتەكەمان و كیمیاباران. لە 2003 بەملاوە قۆناغێكی دیكەیە. ئەو هاوڕێیانەی كە پێمان وابوو هاوڕێ و شەریكمانن، نانی خەڵكی كوردستانیان بڕی. ئەوە بەو مانایە دێت كە ئێمە لەو هاوبەشییەدا سەركەوتوو نەبووین. كەوایە لێ گەڕێن كە دراوسێیەكی باش بین.
-    ئەمە بەو مانایە دێت كە ئێوە دەتانەوێ وڵاتێكی سەربەخۆتان هەبێت؟
سەرۆك بارزانی: ئەوە مافمانە.
-    لە بەرامبەردا بەغدا تۆمەتبارتان دەكات بەوەی كە لەگەڵ سەرهەڵەدانی داعش لە عێراق، كوردستانی عێراق نەوتی فرۆشتووە بێ ئەوەی پشكی بەغدا بدات. ئەمە چییە؟
سەرۆك بارزانی: هیچ راست نییە. مالیكی لە سەرەتای 2014ەوە نان و مووچەی كوردستانی بڕی. داعش لە جولای 2014 هات. ئێمە لە كۆتایی 2013 بە بەغدامان گوت كە داعش خەریكە دێتە ناو مووسڵ و بارودۆخەكە تێكدەدات. وەرە با كردەوەی هاوبەش ئانجام بدەین، بەڵام بەغدا قەبوڵی نەكرد. كەواتە كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ پێش هاتنی داعش دەگەڕێتەوە.
-    ئێستا مالیكی نییە و ئاغای عیبادی بە رواڵەت روانگەیەكی ئەرێنی سەبارەت بە راپرسی هەیە. ئەی ئێستا چ بەربەستێك بۆ ئەنجامدانی راپرسییەكەی كوردستان بۆ سەربەخۆیی هەیە؟
سەرۆك بارزانی: تا ئێستا بەغدا ئامادە نەبوو تەنانەت گوێ لە قسەی ئێمە بگرێت، بەڵام ئێستا ئەگەر بەغدا دەیەوێ بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەركەین و راپرسییەكە دوابخەین، ئێمە كێشەیەكمان بۆ دواخستنەكەی نییە، تەنانەت ئەگەر دژایەتیشی نەكات، ئێمە هەر پەلەمان نییە.
-    بەغداش دەڵێ كە ئەوان ئامادەن تا ئێوە راپرسییەكە بكەن. ئایا لە كوردستانی عێراق لەسەر ئەو بابەتە كۆدەنگییەك هەیە یا بیروڕای جیاواز لە ئارادایە؟
سەرۆك بارزانی: من نازانم. رەنگە یەك دوو سیاسەتمەدار لەملاولا قسەی دیكە بكەن، بەڵام ئەوە دەزانم كە زۆرینەی خەڵكی كوردستانی عێراق ئەوەیان دەوێت و كەسیش بوێریی ئەوەی نییە لە بەرامبە ئەو داخوازییە بوەستێت و دژایەتی بكات. تەنانەت ئەگەر لە دڵەوە رازیش نەبێت.
-    پێتوایە دوای ئەوە پەیوەندییەكانتان لەگەڵ دراوسێكانتان چۆن دەبێت؟ ئایا ئێران و توركیا پشتیوانیتان لێ دەكەن؟ ئەگەر سەربەخۆییش روویدا، ئایا داوا لە بەشەكانی دیكەی كوردستانی توركیا و ئێران و سووریاش دەكەن، بێنە ناو ئەو وڵاتەوە؟
سەرۆك بارزانی: پێش لەهەموو شتێك پێویستە ئەوە بڵێم كە پێم خۆشە بەشەكانی دیكەی كوردستانیش لە رێی دیالۆگ بە مافەكانی خۆیان بگەن. دواتر پێویستە ئەوە بڵێم كە 25 ساڵی رابردوو سەلماندوویەتی كە ئێمە هۆكاری ئارامی و سەقامگیری بۆ وڵاتانی ئێران و توركیا بووین نەك مەترسی. ئەو بابەتە زۆرتر پەیوەندیی بە ئێمە و بەغدادەوە هەیە و ئەگەر لەگەڵ یەكتر بە ئاكام بگەین، دەبێتە هۆكاری خێر و بێگومان داوا لە كوردی ئێران و توركیا ناكەین كە بێنە پاڵمان، بەڵكو هانیان دەدەین كە بۆ گەیشتن بە مافەكانیان لە رێگەی ئاشتیانەوە لەگەڵ حكومەتە ناوەندییەكانیان بگەنە رێككەوتن. ئێمە بەوە خۆشحاڵین.
-    ئەمڕۆ لێرە شاهیدی ئەوە بووم كە بەیاننامەكەی ئێوە كاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا. تەنانەت پێشنیازتان كردووە كە پەرلەمان كەسێك لە جیاتی ئێوە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێرێت. ئەوە بە چ مانا دێت؟ ئایا ئێوە واز لە دەسەڵات دەهێنن؟
سەرۆك بارزانی: ئەمە پێشنیازێكی تازە نییە. من بەر لە دوو ساڵ ئەو پێشنیازەم كردبوو، بۆیە تا ئێستاش قسەم نەكردووە. مەبەستم لەو بەیاننامەیە ئەوە بوو كە ئەگەر بەراستی حزبەكان رێگەچارەیان دەوێ، فەرموون ئەوە چارەسەر. ئێمە سەرقاڵی شەڕ لەگەڵ گروپێكی تیرۆریستی وەحشی بووین. نەدەكرا لەو بارودۆخەدا من سەرۆكایەتی چۆڵ بكەم، ئەوەش لە كاتێكدا كەسێكی دیكە نەبێت كە بەرپرسیارەتی ئەو پۆستە هەڵبگرێت. بۆیە من 2 ساڵ بەرلەمە ئەمەم بەوان گوتووبوو، بەڵام ئەوان قسە دەكەن و كرداریان نییە. دیسان دەیڵێمەوە، ئەگەر بێن و كەسێك دەستنیشان بكەن، من پۆستی سەرۆكایەتیان رادەست دەكەم. تا ئەو كاتە، بە پێی بڕیاری مەجلیسی شۆرای هەرێم، بۆ سەرهەڵنەدانی بۆشایی و راپەڕاندنی كارەكان، لەسەر ئەركی خۆم بەردەوام دەبم. من یاسا پێشێل ناكەم و لەبەر خۆم دەستكاریی یاساكان ناكەم. من رێز لە یاسا دەگرم. رێز لە پێگەی خۆم و میللەتم دەگرم. سپاسیان دەكەم كە كەسێك دەستنیشان بكەن تا ئەو ئەركەیان پێ بسپێرم تا من وەك پێشمەرگەیەك درێژە بە خزمەتم بدەم.
-    دژبەرەكانتان تۆمەتبارتان دەكەن بەوەی كە حزبەكەتان دەنگە ناڕازییەكانی سەركوت كردووە و نەیانهێشتووە كە پەرلەمانتاران بێنە ناو هەولێر. لەگەڵ دەزگا میدیاییەكانی دژ بە ئێوە هەڵسوكەوتی شیاو نەكراوە. وەڵامی ئێوە بۆ ئەو رخنانە چییە؟
سەرۆك بارزانی: وەڵامی من ئەوەیە، ئەوانەی كە بەو شتانە تۆمەتبارمان دەكەن، هێرشیان كردە سەر بنكەكانی حزبی ئێمە و سووتاندیان. ئێمە وەڵاممان نەدانەوە. ئەندامانی حزبەكەمانیان شەهید كرد، وەڵاممان نەدانەوە. بابەتی پەرلەمان راستە، بەڵام دەزانی بۆچی؟ ئێمە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمان لەسەر هاوكاری و لێكتێگەشتن رێككەوتین. بە پێی رێككەوتن، ئێمە سەرۆكایەتیی پەرلەمانان دا بە حزبی گۆڕان كە زیاتر لە مافی خۆیان بوو. هەموو هاوڕا بووین كە حكومەتێكی هاوبەشمان هەبێت و چەند ساڵێك پێكەوە كاربكەین، بەڵام لە پشتەوە خەنجەریان لێ داین و خەیانەتیان لە رێككەوتنە كرد. مادام ئەوان خەیانەتیان لەو رێككەوتنە كرد، كەواتە ئەوەی لە رێككەوتنەكەدا هەبوو، هەڵوەشایەوە، بۆیە كۆتایی بە رێككەوتنەكە هات. ئێمە دژایەتی چالاكبوونەوەی پەرلەمان ناكەین، بەڵام ئەو سەرۆك پەرلەمانەی كە ئێمە دەنگمان پێدابوو، نابێ ببێتەوە بە سەرۆكی پەرلەمان، چونكە ئەو پۆستەی بە حەقی خۆی وەرنەگرتووە، بەڵكو بە دەنگی ئێمە بووە. بۆیە بەهۆی خەیانەت لەو رێككەوتنە، بۆی نییە ببێتەوە بە سەرۆكی پەرلەمان. با سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن و حكومەتێكی نوێ دەستنیشان بكەن. ئێمە كێشەمان لەگەڵ ئەوە نییە، بەڵام ناهێڵین بە كودەتا شتێكمان بەسەردا بسەپێنن.
-    یەكێك لەو بابەتانەی كە باسی لێوەدەكرێت و لە ئێرانیش بەدواداچوونی زۆری بۆ كرا، بابەتی ئازادیی رادەربڕین لە كوردستانی عێراقە كە بەرەو دواوە چووە. دەڵێن فشار بۆ سەر دەزگا میدیاییەكانی رخنەگر زۆر بووە و باس لە كوژرانی چەند میدیاكارێك دەكرێت كە یەكێكیان لە دهۆك كوژرا. جەنابت بەدواداچوون بۆ ئەوانە دەكەی؟
سەرۆك بارزانی: من بە راشكاوی دەیڵێم كە دژی سنوورداركردنی ئازادیی رادەربڕین لە كوردستانین و نەك سنووردارمان نەكردووە، بەڵكو بگرە لە ئاستی پەسەندی وڵاتانی دیموكراسی سەرترە، بەڵام راستە. چەند رووداوێك روویانداوە و چەند كەسێك كوژراون كە لە نێوانیاندا راگەیاندنكار هەبوون، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە كە ئەوانی سیاسین یان بەهۆكاری سیاسی كوژراون. داوا لە پۆلیس كراوە كە لێكۆڵینەوە ئەنجام بدەن تا تاوانبار ئاشكرا بكرێت. ئەگەر مەبەست لەو كوشتنانە سیاسی بێت، رخنەگری زۆر توندتر و گرنگتر هەن كە قسەكانیان سنووری رخنەی تێپەڕاندووە و كەسیش كاری پێیان نەداوە. ئەگار دەیانەوێ ئەو كوشتنانە بە حیسابی سنوورداركردنی ئازادیی رادەربڕین دابنێن، ئەوە راست نییە. ئێمە پێش بە رەخنە ناگرین و لێی ناترسین. ئەمانە بوختانن، بەڵام دیسان بە راشكاویی دەیڵێمەوە كە ئێمە دژ بە كوشتنی لەو جۆرەین، و بەرای ئێمە، پۆلیس دەبێ تاوانبار دەستگیر بكات، بەڵام برێك لە رووداوەكان تاوانی كوشتنن و هیچ پەیوەندییەكی بە میدیاكاری و ئازادیی رادەربڕینەوە نییە. برێك لە رووداوەكان كەسین و برێكیشیان بابەتی دیكەن.
-    بیروڕاتان سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەمەریكا و هەڵبژاردنی ئاغای ترامپ چییە؟ پێتوایە پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و كوردستانی عێراق لە داهاتوودا چۆن دەبێت؟
سەرۆك بارزانی: ئەوە پەیوەندیی بە خەلكی ئەمەریكاوە هەیە كە كێ بۆ سەرۆكایەتیی وڵاتەكەیان هەڵدەبژێرن، بەڵام لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، بەڕێز ترامپ، بەڵێنی زۆری بۆ كورد خستەڕوو. كەسانی دەوروبەریشی سەبارەت بە كورد بیروڕای ئەرێنیان هەیە، بۆیە ئێمە بە سەردەمی دەسەڵاتداریەتی ئەو خۆشبینین.
-    بارودۆخی كورد لە ئێران و توركیا چۆن هەڵدەسەنگێنی؟ بە تایبەتی دوای ئەو رووداوانەی لە شارە كوردنشینەكانی توركیا هاتنەئاراوە؟
سەرۆك بارزانی: ئێمە نیگەرانین و ئەو بارودۆخەمان پێ ناخۆشە. ئێمە پاڵپشتیی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەكەین و كاتی خۆیشی هەوڵی زۆرمان بۆی دا. من لە روودانەوەی بارودۆخی وا دەترسام. زۆر هەوڵمان دا ئەو دووبارە نەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە روویدایەوە و ئێمەی نیگەران كرد و ئەوەش دەزانین كە هیچ رێگەچارەیەك جیا لە گەڕانەوە بۆ مێزی ئاشتی و درێژەدان بە دیالۆگ لەئارادا نییە و بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی، لە هیچ هەنگاوێك درێغی ناكەین. هیوادارین لە ئێرانیش، كێشەكان لەرێگەی ئاشتیانە چارەسەربكرێن، چونكە سەردەمی ئینكاركردنی كورد تێپەڕیوە و پێم وانییە ئینكاركردنی مافی كورد، هیچ قازانجێكی بۆ ئەو دەوڵەتانە هەبێت. میللەتی كورد بوونی هەیە و مافی خۆی هەیە. كوردیش لەو وڵاتانە دەبێ هەوڵ بدەن رێگەیەك بۆ دیالۆگ و پەیوەندیی ئاشتیانە لەگەڵ حكومەتە ناوەندییەكانیان بدۆزنەوە تا لە رێی ئاشتییەوە بە مافەكانیان بگەن. ئەوەی كە چۆن بە رێككەوتن دەگەن، پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە، بەڵام ئینكاركردنی كورد و داننەنان بە مافەكانیان بە زیانی هەموولایەك دەشكێتەوە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌