2016-12-03

لە گەشتێكیدا بۆ هەرێمی كوردستان، هونەرمەندی بەناوبانگی میسڕی حوسێن فەهمی كە لە هەمان كاتدا لە كەناڵی (الغد العربی) بەرنامەی (زمان) پێشكەش دەكات، باسی مێژوو و ژیانی كۆمەڵایەتی و پێكهاتەی كۆمەڵگەی كوردستان دەكات، هاوكات تیشك دەخاتە سەر بواری گەشت و گوزار و خەباتی پێشمەرگەی كوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافی ئەم گەلە و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش. هاوكات لەمیانەی ئەو بەرنامەیەش دا تیشك دەخاتە سەر رۆڵی ئافرەتی كورد لە رێزی پێشمەرگەی كوردستان و هاوكاریكردنی پیاوان لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئەم گەلە. هەر بۆ ئەم مەبەستەش هونەرمەند حوسێن فەهمی چەندین سەردانی بۆ چەند شوێنێكی گرنگ ئەنجامدا بەتایبەتی قەڵای هەولێر و مۆزەخانەی سریانی لە عەنكاوە، ئەمە جگە لە سەردانی بەرەكانی شەڕ و دیداری لەگەڵ بەڕێز سیروان بارزانی هاوكات لە هەگبەشیدایە سەردانی چەندین شوێنی گەشتیاری بكات. شیاوی باسە ئەمە یەكەمین جارە ئەم هونەرمەندە كە هەمیشە بۆچوونێكی پۆزەتیڤانەی لەبەرامبەر كورد دا هەبووە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لەبەرنامەیەكی لەم جۆرەدا بەم شێوەیە باسی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌