2016-11-30

خەبات: ڕانیار دڵشاد

فەڕەنسا پەیوەندییەكی مێژووی لەگەڵ گەلی كورد هەیە لە قۆناغە جیاجیاكانی جوڵانەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا، تا بەڕۆژگاری ئەمڕۆ دەگات، فەڕەنسا لە دوای كۆڕەوە ملیۆنەكەی گەلی كوردستان لە ساڵی 1991 دا، ڕۆڵێكی كارای لە پشتیوانی كردنی كوردستاندا بینیوە، فەڕەنسا وەك ئەندامێكی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕۆڵێكی سەرەكی لە دەركردنی بڕیاری 688 ی ئەنجوومەنی ئاسایش لە 5/4/1991 بینی، دواتر هاوپەیمانان لەبەر ڕۆشنایی ئەو بڕیارە ناوچەیەكی ئارامییان لەسەرووی هێڵی 36 بۆ گەلی كوردستان دانا. فەڕەنسییەكان پەرەیان بەپەیوەندی لەگەڵ كوردستاندا و تائێستا وەك نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە فەڕەنسا دەڵێت چوار جار بە فەرمی لە كۆشكی ئیلیزێ پێشوازییان لە سەرۆك بارزانی كردووە، بۆ زیاتر تیشك خستنەسەر، ئەو بابەتانە بەپێویستمانزانی دیدارێك لەگەڵ‌ د.عەلی دۆڵەمەری نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا سازبدەین.
٭ ئەورووپاییەكان بەشێوەیەكی گشتی و فەڕەنسا بەتایبەتی چۆن دەڕواننە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
- فەڕەنسا زۆر بە گرنگییەوە دەڕوانێتە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چوونكە كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر فەڕەنسا و سیاسەتەكەی، بە تایبەتی دوای هاتنی داعش كە فەڕەنسا قوربانییەكی زۆری داوە، بۆیە بەهەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكە بەرقەراربێت، فەڕەنسا ئەندامی ئەنجومەنی هەمیشەیی نەتەوەیەكگرتووەكانە، لەگەڵ ئەڵمانیا یەكێتی ئەورووپا بەڕێوەدەبن، بۆیە ئەركی سەرشانیانە بە بایەخەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕوانن، هەر لەسەر دەستی ئەوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەشكرا.
٭ فەڕەنسا ئەندامێكی كارای هاوپەیمانی شەڕی دژی داعشە و چەند تەقینەوەیەك لەلایەن ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستیە فەڕەنسای بریندار كرد، هەڵوێستی پاریس بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش چییە، ئایا هەر بەرەنگاربوونەوەی سەربازی بەچارەسەر دەزانێ؟
- فەڕەنسا لەم شەڕە زۆرترین قوربانی داوە، هێشتا مەترسی گەورە لەسەر فەڕەنسا ماوە، سەركردەكانیان بە بەردەوامی باسی مەترسییەكان دەكەن، زۆر بە كاریگەرەوە هاتوونەتەپێشەوە بۆ لەناوبردنی داعش لە سوریا و عێراق، دوای ئەمەریكا یەكەمین ووڵاتی ئەورووپیە كە بەفڕۆكەكانی بۆردومانی بنكەكانی داعش دەكەن، چەندین ئەفسەریان مەشق بە هیزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەكەن، چەك و تەقەمەنی بۆ پێشمەرگە دەنێرن.
٭ كێشەی گەورەی پێكهاتەكانی مووسڵ ئەوەیە، دوای داعش چۆن ئیدارەی ئەو شارە بكرێ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەموو كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ هاوپەیمانان جەختی لە قۆناغی دوای داعش كردۆتەوە، كە دەبێ ئیدارەیەكی وابێت هیچ پێكهاتەیەك پشتگوێ نەخرێ، پاریس چۆن سەیری قۆناغی دوای داعش دەكات؟
- فەڕەنسا داوا دەكات كە گشت پێكهاتەكانی شارەكە بەشداری بەرێوەبردنی شارەكە بكەن و پشتگیری لە پێشنیارەكانی سەرۆكی هەرێم دەكەن، دەبێ ئیدارەیەكی هاوبەش لە گشت پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئایینی پێك بهێنرێت، نابێت هیچ لایەنێك پشتگوێ بخرێت، هەوڵ بدرێت ئایدۆلۆژیای توندوتیژی و ئیرهابی بنبڕ بكرێت، خودی دانیشتوانی ناوچەكە ئیدارەی خۆیان بكەن بە هاوكاری و هاوبەشی حكوومەتی هەرێم و عێراق.
٭ فەڕەنسییەكان لە چەند قۆناغێكدا پشتی كوردیان گرتووە، بەتایبەتی دوای كۆڕەوی 1991 ڕاستەوخۆ هاتە سەرخەت و ڕۆڵی لە دەركردنی بڕیاری 688 ی ئەنجوومەنی ئاسایش هەبوو، هەڵوێستی ئێستای فەڕەنسا بۆ ئایندەی دۆزی كورد چۆن دەبینین؟
- فەڕەنسا دۆستێكی دێرین ومێژوویی كوردە و پەیوەندی نێوان هەردوولا لە ئاستێكی بەرزدایە، چوارجار بە فەرمی لە كۆشكی ئیلیزێ پێشوازییان لە سەرۆك بارزانی كردووە، كونسوڵخانەی فەڕەنسی و سەنتەری كولتووری و شوێنەوار، دوو قوتابخانەی فەڕەنسی و چەند دامودەزگایەكی تریان لە هەرێمی كوردستانن، نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێم لە ساڵی (2001) لە فەڕەنسا هەیە، بە بەردەوامی شاندی هەردوولا لەهەموو ئاستەكان سەردانی یەكتردەكەن، دووجار سەرۆكی فەڕەنسا پێشوازی فەرمی لە وەفدی پێشمەرگە كردووە، خودی سەرۆكی فەڕەنسا سەردانی كوردستانی كردووە، كە یەكەمین سەرۆك بوو سەردانی كوردستانی كرد، فەڕەنسا ڕێز لە ئیرادەی گەلی كورد دەگرێت، خۆی بە دۆستێكی نزیكی كورد دەزانێت، پشتگیری لە دۆزی ڕەوای گەلی كورد دەكات لە هەرچوارپارچە لەنێویشیاندا بە تایبەتی هەرێمی كوردستان.
٭ دوا سەردانی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ فەڕەنسا، لای فەڕەنسییەكان چۆن خوێندرایەوە؟
- فەڕەنسییەكان زۆر بە بایەخەوە دەڕواننە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی، لە ناوچەكە و دەرەوە و لە دوایین سەردانیدا زۆر بە گرنگییەوە باسیان لە سەردانی بەڕێزیان كرد، لە بەرزترین ئاست پێشوازی لێكرا، لە كۆشكی كۆماری و وەزارەتی بەرگری، لەلایەن سەرۆكی شارەوانی پاریس كە گشت سەرۆكەكانی جیهان لەوێ پێشوازییان لێ دەكرێت. چاوپێكەوتنی ڕۆژنامەی بە ناوبانگی لوموند و تەلەفزیونی فرانس ۲٤ و ڕادیۆی نێودەوڵەتی فەڕەنسی و چەند دامودەزگایەكی تری فەڕەنسا چارەسەری كورد لە لای سەرۆك بارزانی دەبینن، داوای لێ دەكەن هاوكارییان بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە توركیا و سوریا.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌