2016-11-28

مامۆستایه‌کی زانکۆی کوردستان لە سنە لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی ئێران، هەواڵی دۆزینەوەی پەرتووکێکی دەستنووسی ٨٠ لاپەڕەیی مەستوورەی ئەردەڵان، ژنە شاعیری ناوازەی کوردی لە کتێبخانەی شاری تەورێز ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی (ئیرنا) د. جەماڵ ئەحمەدی ئایین، لە ڕێوڕەسمی ڕوونوێنیی کتێبی (مسگەری) دووەمین کتێب لەکۆی کتێبەکانی (پیشە کۆنەکانی شاری سنە) لە لەمەڕ ناوەرۆکی ئەو پەرتووکە گوتی: "ئەو پەرتووکە لە یەکێک لە پەرتووکخانەکانی شاری تەورێز دۆزراوەتەوە و ٤٤ لاپەڕەی بە شێوەی پەخشان نووسراو."

د. ئەحمەی ئایین، مامۆستای زانکۆ و لێکۆڵەری کورد، هەروەها گوتووشیەتی: "ئەو پەرتووکەی مەستوورە ئەردەڵان یەک مانگ دوای کۆچی دوایی ئەو ژنە شاعیر و مێژوونووسە کوردە بڵاو بووەتەوە."

بڕیارە ئەم پەرتووکە بەمزوانە و پاش پێداچوونەوە و ساغکردنەوەیی پەرتووکەکە، پێشکەش بە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە بکرێت.

مەستوورەی ئەر‌دەڵان (١٨٠٤ – ١٨٤٨) شاعیر و مێژوونووسی کوردە. ناوی خۆی ماھ شەرەف خانم بووە و نازناوی مەستوورە بووە. دەوروبەر ساڵی ١٢٢٠ ک.م (١٨٠٤ ز) لە بنەماڵەی قادرییەکانی سنەدا، کە ئەوسا زۆر لای والییەکان بە قەدر بوون، لە شاری سنە هاتووەتە دنیا.

باوکی، ئەولەسەن بەگ (ئەبولحەسەن بەگ)، لە پیاوە ڕەسەنەکانی سنە بووە و بە ماەشەڕەف خانمی خوێندووە تا وای پێگەیاندووە کە ناوبانگ دەربکات. لە زەمانی خە‌سرەوخانی ئەردەڵان، والیی سنە، کە بە ناکام ناو براوە، خان و ماڵە قادرییەکان لە یەکتری ڕەنجاون و ئاشت بوونەوە و بوونە خزم. مەستوورە بووەتە خێزانی خەسرەو خان.

خانیش لە شیعرداناندا لە خانم نزیک بووەتەوە. لە دیوانی ھەردووکیاندا شیعر بە یەکدا ھەڵدانیان زۆر بەرچاوە. مەستوورە چل و چوار ساڵ تەمەنی بووە و لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و ھەر لەوێش نێژراوە.

مەولەویی تاوەگۆزی لە پەسنی ئەو‌دا ئەم شیعرەی گوتوویەتی:

خورشیدەکەی ناز، ئەوجی بورجی سەور               سەرتوغرای دەفتەر مەحبووبان جەدەور

ھا لە خانەکەی بورجی شەرەف دا             نوورئەفشانیشەن وە ھەر تەرەف دا



باسنیوز

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌