2016-10-24

مەسعود بارزانی‮ ‬سەرۆكی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان،‮ ‬لە چاوپێكەوتنێكدا،‮ ‬لەگەڵ كەناڵی‮ ‬تەلەڤزیۆنی‮ ‬CNNی‮ ‬ئەمەریكی‮ ‬رایگەیاند،‮ ‬شەڕی‮ ‬مووسڵ شەڕێكی‮ ‬قورس دەبێت و ئەستەمە بتواندرێت كاتێك بۆ تەواوبوونی‮ ‬دابندرێت،‮ ‬دووپاتیشی‮ ‬كردەوە و گوتی‮: "‬چاوی‮ ‬تەماعمان نەبڕیوەتە خاكی‮ ‬كەس‮". ‬هەروەها گوتی‮: "‬لە شەڕ‮ ‬بەردەوام دەبین تا كۆتایی‮ ‬دێت‮". ‬
گورزی‮ ‬باش لە داعش وەشێندراوە
بارزانی‮ ‬لە بارەی‮ ‬دەستپێكردنی‮ ‬ئۆپەراسیۆنی‮ ‬كۆنتڕۆڵكردنەوەی‮ ‬مووسڵ رایگەیاند،‮ ‬ئەمڕۆ رۆژی سێیەمی‮ ‬ئۆپەراسیۆنەكەیە و بەرەوپێشچوونی‮ ‬باش هەبووە،‮ ‬گورزی‮ ‬باش لە داعش وەشێندراوە،300 ‮ ‬كیلۆمەتر چوارگۆشە ئازادكراوە،‮ ‬تا ئێستاش پێشڕەوییەكان بەردەوامە‮. ‬
تاكتیكی‮ ‬شەڕ
سەبارەت بە چۆنیەتی‮ ‬بەرەنگاربوونەوەی‮ ‬رێكخراوەكە و تاكتیكی‮ ‬شەڕ‮ ‬لەگەڵ ئەو رێكخراوە،‮ ‬بارزانی‮ ‬رایگەیاند،‮ ‬داعش پشت بە ئۆتۆمبێڵیی‮ ‬بۆمبڕێژكراو و كردەوەی‮ ‬خۆكوژیی‮ ‬دەبەستێت،‮ ‬هەروەها چاندنی‮ ‬مین و بۆمب،‮ ‬لە ئێستاشدا دەستیكردووە بە سووتاندنی‮ ‬نەوتی‮ ‬رەش،‮ ‬بەڵام ئەوانە نەبوونەتە هۆی‮ ‬راگرتنی‮ ‬پێشڕەوییەكانی‮ ‬پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا‮. ‬
گرنگیی‮ ‬مووسڵ
لە بارەی‮ ‬بەشداریكردنی‮ ‬هێزی‮ ‬پێشمەرگەی‮ ‬كوردستان لە ئۆپەراسیۆنی‮ ‬مووسڵ و گرنگی‮ ‬دەركردنی‮ ‬داعش لەو شارە،‮ ‬بارزانی‮ ‬رایگەیاند،‮ ‬شاری‮ ‬مووسڵ،‮ ‬70 كیلۆمەتر لە دهۆك و‮ ‬80 كیلۆمەتریش لە هەولێری‮ ‬پایتەخت دوورە،‮ ‬سەقامگیری‮ ‬ئەوشارە كاریگەری‮ ‬راستەوخۆی‮ ‬لەسەر هەرێمی‮ ‬كوردستان هەیە‮. ‬بارزانی‮ ‬دووپاتیشیكردەوە،‮ ‬كورد چاوی‮ ‬تەماعی‮ ‬نەبڕیوەتە خاكی‮ ‬كەس،‮ ‬بەڵام ئەو خاكە خاكی‮ ‬كوردستانە و كورد تێیدا دەژی،‮ ‬لە بارەی‮ ‬پارێزگای‮ ‬نەینەوا،‮ ‬لە قۆناخی‮ ‬دوای‮ ‬داعش،‮ ‬بارزانی‮ ‬رایگەیاند،‮ ‬پێویستە شێوازی‮ ‬بەڕێوەبردنی‮ ‬پارێزگاكە بە شێوەیەكی‮ ‬نوێ دابڕێژرێتەوە و گوتی‮: "‬نابێت ئێمە پشت بە تۆڵەكردنەوە ببەستین و دەبێت خەڵكی‮ ‬مووسڵ دڵنیابكرێنەوە ئەوان پارێزراو دەبن‮". ‬
هاتنی‮ ‬ئاوارە
لەبارەی‮ ‬هاتنی‮ ‬ژمارەیەكی‮ ‬زیاتری‮ ‬ئاوارە،‮ ‬بەهۆی‮ ‬ئۆپەراسیۆنەكە،‮ ‬بارزانی‮ ‬رایگەیاند،‮ ‬ئێستا هەرێمی‮ ‬كوردستان زیاتر لە ملیۆنێك و‮ ‬8 سەد هەزار ئاوارەی‮ ‬تێدایە،‮ ‬سەرەڕای‮ ‬ئەو كێشانەی‮ ‬ئێستا هەن،‮ ‬جگە لەوەش نزیكەی‮ ‬3 سەد هەزار پەنابەری‮ ‬سووریش هەن،‮ ‬لەگەڵ حكوومەتی‮ ‬عێراقیش لەگەڵ نەتەوە‮ ‬یەكگرتووەكان كار لەسەر ئەوە كراوە هاوكاری‮ ‬مرۆیی‮ ‬و پێداویستییەكانییان بۆ دابین بكرێت‮. ‬
پێشبینی‮ ‬دەكرێت شەڕێكی‮ ‬گەورە بێت و زۆر بخایەنێت
لە بارەی‮ ‬ماوەی‮ ‬شەڕی‮ ‬مووسڵیش كە چەند دەخایەنێت،‮ ‬بارزانی‮ ‬ئاشكرایكرد،‮ ‬شەڕ‮ ‬شتێكی‮ ‬خۆش نییە و كەس خوازیاری‮ ‬خوێنڕشتن نییە،‮ ‬بەڵام تیرۆریستان چاویان بڕیوەتە خاكی‮ ‬خەڵك و تەواوی‮ ‬جیهان،‮ ‬بۆیە پێشبینی‮ ‬دەكرێت شەڕێكی‮ ‬گەورە بێت و زۆر بخایەنێت‮. ‬هەروەها رایگەیاند،‮ ‬ئاسان نییە كاتێك بۆ شەڕەكە دابندرێت و گوتی‮: "‬بەردەوام دەبین تا كۆتایی‮ ‬دێت‮". ‬
سەرچاوە‮  ‬K24

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌