2015-04-21

سەرۆک بارزانی  باوەڕی وایە تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵدا بەشدار نابێت و پێویستیش ناکات بەشدار بێت، دەشڵێت: "رازی نابم ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان درێژ بکرێتەوە و باباتەکەیش لەنێوان پەرلەمان و حیزبە کوردستانییەکاندایە".

(مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووشەممە 20ـی نیسانی 2015، لە دیدارێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا رایگەیاند: (سەرۆک بارزانی) لەو دیمانەیەدا تیشکی خستووەتە سەر سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و گوتوویەتی: ئەو سەردانە شتێکی ئیجابی بوو و کاریگەریی لەسەر پێوەندییەکانی بەغدا ـ هەولێر دەبێت، بەڵام نابی ئەو چاوەڕوانیەمان هەبێ کە ئەو کێشانەی لە ساڵی 2003وە سەریان هەڵداوە بەم سەردانە چارەسەر بکرێت.


وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کێشەکانی دەوڵەتی بەغدا لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسە سیاسی و ئابورییەکانن و، هەر دوولا بڕیاریان داوە لێژنەیەک بۆ تاتووکردنی ئەو کێشانە پێک بهێنن.


سەبارەت بە رۆڵی ئێران لە عێراق، (سەرۆک بارزانی) گوتوویەتی: "ئێران وەکو دراوسێیەک دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ عێراق، ئەوە شتێکی حاشاهەڵنەگرە هەژموونی ئێران لە عێراق زۆرە، بەڵام پێموایە دەبێت عێراق هاوسەنگییەک لە نێوان خۆی و دراوسێکانی رابگرێت، وەکو هەرێمی کوردستانیش لە سەرەتاوە بڕیارمان داوە هاوسەنگییەک لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دراوسێکانماندا رابگرین".


لە بارەی بەشداریکردنی تورکیاش لە ئۆپەراسیۆنەكەدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە:" پێموانییە تورکیا بەشداربێت و پێویستیش ناکات بەشداری بکات، بەڵام ئەگەر وەکو پسپۆر و پێدانی چەک و تەقەمەنی یارمەتیمان بدەن، ئێمە سوپاسیان دەکەین".

بەگوتەی (سەرۆک بارزانی)، حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات و باکوور خۆبەخشانە بەشدارییان لە شەڕەکانی دژ بە داعشدا کردووە، هیچ لایەنێکیش لە بەشداریکردنی شەڕدا رێگری لێ نەکراوە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردووەتەوە، بەهیچ شێوەیەک رازی نابێت ماوەی سەرۆکایەتییەکەی درێژ بکرێتەوە، ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو بابەتە لە نێوان سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حیزبەکانە، پێویستە ئەوان بڕیاری لەبارەوە بدەن.

هەروەها گوتوویەتی: "دوو ساڵ بەر لە ئێستا نامەم بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناردووە و داوام لێکردوون ئەو بابەتە زوو چارەسەر بکەن".

(مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێوەست بە پرسی سەربەخۆییش دووپاتی دەکاتەوە: پرسی سەربەخۆیی کوردستان ڕێڕەوی خۆی تێپەڕ دەکات و هیچ کارەسات و ڕووداوێک ناتوانێ پێشی پێ بگرێت.

جەختیش دەکاتەوە، پرسی سەربەخۆیی کوردستان شتێکی یاساییە و، ئەو پرسەش تەنیا لە ڕێگەی لێک‌تێگەیشتن و دانوستانەوە چارەسەر دەکرێت، نەک لە رێگەی شەڕەوە.


(سەرۆک بارزانی) هاوکات باسی لە شەڕی داعشیش کردووە و ئاشکرای کردووە، کۆنترۆڵی مووسڵ لەلایەن داعشەوە زیاتر دەرخەری کێشەی شیعە و سوننەکانە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا مەترسیشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دروست کردووە و، شکستدانی داعش لە مووسڵ لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانیشدایە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌