| ناوچەیەكی دەوڵەمەند لە رووی ئابوورییەوە دەڤەری راپەڕین… پلانی ستراتیژی و سەركەوتووی نییە |
2012-07-30 |
 |
|
|
راپۆرت- محەمەد ئەحمەد رانیە دەڤەری راپەڕین پێكهاتووە لەهەردوو قەزای رانیەو پشدەر و دانیشتووانەكەی نزیكەی 400000،چوارسەد هەزاركەسە.دەشتی بیتوێن كە یەكێكە لەبەناوبانگترین دەشتەكانی هەرێمی كوردستان،دەكەوێتە ئەم دەڤەرەوە.لەبواری ئابوورییەوە جموجۆڵێكی زۆر لەم ناوچەیەدا بەدیدەكرێت،چونكە دەوڵەمەندە بە كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و هەروەها بەبازرگانییش، بەوپێیەی ناوچەیەكی سنوورییەو لەگەڵ ئێران هاوسنوورە، ئەمە جگەلەوەی كەلەم ماوەیەی دواییدا نەوت لەم ناوچەیەدا دۆزراوەتەوەو ئێستا كۆمپانیاكانی نەوت خەریكی لێدانی بیری نەوتن لەناحیەی خدران و گەڕان و پشكنین لەچەند شوێنێكی دیكەش لەلایەن ئەو كۆمپانیایانەوە بەردەوامە .لەبەر ئەم هۆیانەش شارو شارۆچكەكانی ئەم دەڤەرە بەخێراییەكی زۆر گەشەیانكردووەو قەرەباڵغی و بەرفراوانییەكی زۆریان بەخۆیانەوە بینیوە .بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا نەبوونی پلانی ستراتیژی بەشێوەیەكی گشتی، وایكردووە وەكوپێویست و بەشێوەیەكی زانستیانە سوود لەو توانستە ئابوورییە مرۆیی و سرووشتییە وەرنەگیرێت تەنها لەبواری كشتوكاڵی پلان هەیە، ئەویش وەكو پێویست نییە لەبارەی نەبوونی پلانێكی تۆكمەو سەركەوتوو بۆ كەرتە جیاجیاكانی ئابووری لە دەڤەرەكە، ناسر ئیسماعیل شارەزا لەبواری ئابووری و بەرپرسی نووسینگەی راپەڕینی سەندیكای ئابووریناسیی كوردستان دەڵێتدەبوایە حكوومەت و كەرتی تایبەت بەیەكەوە پلانیان هەبوایە،بەڵام تائێستا هیچ پلانێكی ئابووری بەشێوەیەكی گشتی بەدیناكرێت، تەنها لەبواری كشتووكاڵی نەبێت كە لەكابینەی پێنجەمی حكوومەتەوە پلانێك بۆ هاندانی جووتیاران و زیادكردنی بەرهەمی خۆماڵی دانراو تائێستاش بەردەوامە،وەك دابینكردنی خانووی پلاستیكی و پێدانی ئامێرو پێداویستییەكانی دیكە بەجووتیاران، خەرجكردنەوەی كرێی گواستنەوەی سەوزەو میوەی جووتیاران بۆ بازاڕ،كڕینەوەی دانەوێڵە لەجووتیاران، هەرچەندە ئەوانەش بێ كەموكوڕی نیین و پێویستیان بەپلانی باشتر هەیە ناوچەكە پێویستی بەبایەخدانی پیشەسازی هەیە لەبارەی پیشەسازییشەوە، هیچ كارگەیەكی گەورەی پیشەسازی حكوومی یان ئەهلی لەناوچەكە دانییە، جگە لە كارگەكانی بەرهەمهێنانی بلۆك و كەرەسەكانی دیكەی خانووبەرەی وەك چەو و لم و چەند كارگەیەكی بچووكی دیكە، ئەوانیش بەبێ پلانی زانستی بەڕێوەدەچن و هی كەرتی تایبەتن، لەكاتێكدا بڕێكی زۆر لەسامانی ئاژەڵ لەو دەڤەرەدا هەیە، ئەمەش واپێویست دەكات كە كارگەیەكی بەرهەمهێنانی سپیایی لەم ناوچەیەدا هەبوایە ئەو شارەزایەی بواری ئابووری دەڵێت: نەك هەرلە دەڤەرەكەی ئێمە بەڵكو لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا پلانێكی ئەوتۆ لەوبوارەدا نییە،لەسنووری دەڤەری راپەڕین نزیكەی 150سەدو پەنجا كارگەی بەرهەمهێنانی بلۆك هەیە،كە ئەمە لەرووی ئابوورییەوە سوودێكی زۆری هەیە،هەم جموجۆڵێكی ئابووری و بازرگانی بەم دەڤەرە بەخشیوە چونكە زۆربەی بەرهەمەكەی دەنێردرێت بۆ شاروناوچەكانی دیكەی كوردستان،هەمیش خەڵكێكی زۆری بەگەڕخستووە كە نزیكەی دوو هەزار كەس كار لەو كارگانەدا دەكەن،ئەمەش واتا 2000 خێزان بەو هۆیەوە بژێوی ژیانیان دابیندەكەن، بەڵام ئەو كارگانە بێسەروبەرییەكی زۆریان پێوەدیارە، شوێنەكانیان گونجاونییە و مەرج و پەیوەندییەكانی نێوان كریكارو خاوەن كار رێكنەخراوەو مافەكانی كرێكاران پارێزراو نییە .سەبارەت بەجۆرەكانی دیكەی پیشەسازی، ئەواهیچ بایەخێكی پێنەدراوە نە لەلایەن حكوومەتەوە، نە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە، ئێمە ئێستا لەهەوڵی كردنەوەی نووسینگەی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ئابووریین لەشاری رانیە بۆئەوەی لەداهاتوودا بتوانین بەشێوەیەكی زانستیانە لە لایەنە ئابوورییەكانی دەڤەرەكە بكۆڵینەوە، كە ئەمەش یارمەتیدەرێكی باش دەبێت بۆ دانانی پلانێكی ستراتیژیی ئابووری بۆداهاتوو لەناوچەكەدا ناوچەكانی گەشتوگوزاری زۆر بێ خزمەتگوزاریین لەبواری گەشتوگوزارییشەوە،چەندین ناوچەی گەشتیاری لەسنووری دەڤەری راپەڕیندا هەن، وەكو دەربەندی رانیە، سەرئەشكەوتان، ناوچەی سەركەپكان،گردئێستر و چەند شوێنێكی دیكە، بەڵام بەداخەوە كەمترین بایەخیان پێنەدراوەو كەمترین خزمەتگوزارییان بۆدابین نەكراوە هاووڵاتی فەرەیدوون مستەفا وتی:رۆژی هەینیی رابردوو بۆ گەشتێكی خێزانی چووین بۆ هاوینەهەواری سەرئەشكەوتان، هەر كەدانیشتین كەسێك هاتەلامان و خۆی بەخاوەنی ئەو شوێنە ناساند و داوای كرێی شوێنەكەی لیكردین كەبڕی 35000 دینار بوو، ئەمە لەكاتێكدا ئەو شوێنە تەنها سێبەری دارێك بوو بەبێ هیچ خزمەتگوزارییەكی وەك ئاوی پاك و WC و رێگای پێویست، هەروەها لەبری وەرگرتنی پارەكەش هیچ پسوولەیەكی نەبوو بمانداتێ، ئایا ئەمە چۆن وادەبێ، چۆن نابێت لایەنی پەیوەندیدار لێپرسینەوەیەك لەو بارودۆخە بكات لەو بارەیەوە شارەزایەكەی بواری ئابووری پێیوایە بواری گەشتوگوزاریشمان وەكو بوارەكانی دیكە بێ پلان و بەشێوەیەكی هەڕەمەكین، پێویستیان بەبایەخپێدان و ئاوڕلێدانەوە هەیە، چونكە ناوچە گەشتیارییەكانمان زۆرن و ئەگەر خزمەتگوزارییان بۆدابینبكرێت و مەرجەكانی شوێنی گەشتیارییان تێدا جێبەجێبكرێت، ئەوا سوودێكی زۆریان دەبێت و داهاتێكی باش بۆ ناوچەكە دابیندەكەن |
| |
|
|
|