| نافی بیلای : داوای پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی شاری حەلەب |
2012-07-28 |
 |
|
|
نافی بیلای کۆمیسیاری باڵای کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی سەربە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێفەوە داوای لە هەردوو سوپای سوریا و سوپای سوریای ئازاد کرد گیانی هاووڵاتییانی شاری حەلەب بپارێزن و لەمبارەیەشەوە ڕایگەیاند: بەپێی ئەو ڕاپۆرت و هەواڵانەی لە وڵاتی سوریاوە دەگەن تاوەکو ئێستا مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا بە تەواوی پێشێل کراوە و بە تایبەتیش ڕەوشی ئێستای شاری حەلەب کە هێزەکانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا لەڕێگەی فرۆکە و تانکی سەربازییەوە بۆردومانی چڕی دانیشتووانی ئەو شارە دەکەن و مافە مرۆییەکانیان پێشێل دەکەن . نافی بیلای هەروەها وتیشی، کردە سەربازییەکانی سوپای بەشار ئەسەد لە شاری حەلەبدا نمونەیەکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ ڕاگەیاندنی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە وڵاتی سوریا، چونکە سوپای ناوبراو جگە لە چڕکردنەوەی بۆردومانەکانی سەر گەلی سوریا هەڵمەتی پشکنینی ماڵ بە ماڵی دانیشتووانی حەلەبی دەست پێ کردووە و ئەمەش بە پێشێلکردنی تەواوی مافەکانی مرۆڤی ئەو وڵاتە دادەندرێت . لەلایەکی ترەوە هەر سەبارەت بە ڕەوشی نالەباری شاری حەلەبی سوریا حکومەتی تورکیاش هەڵوێستی خۆی نیشان داوە و بە پێویستی دەزانێ پێش بەو هێرشە سەربازییانەی سوپای ڕژێمی سوریا بۆسەر دانیشتووانی شاری حەلەب بگیرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەئاست کوشتنی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی سوریا بەگشتی لەلایەن سوپای بەشار ئەسەدەوە هەنگاوی جدیتر بهاوێژێت و بەڕێگەی کردارەوە کۆتایی بە هێرشی سەرسەختی شاری حەلەب بهێنێت کە لە ئێستادا هێرشی سەر ئەو شارە سنووری ویژدان و بنەما مرۆییەکانی بەزاندووە . |
| |
|
|
|