2012-07-22

بەڕاستی سەیرە بۆ ئێمەو مانانێ، كە زەمانێك، دەروێش ئاسا، پشتیوانی بێ چەند و چۆنی وڵاتانی شۆڕشگێڕی وەك ڕووسیا و چین-مان دەكرد. هەش بوون ئەو دوو وڵاتەیان بە لوتكەی شۆڕشگێڕی لە قەڵەم دەدا و تێزەكانیان وەك ئایەتی قورئان سەیر دەكرد و تێكڕای وڵاتانی دیموكراتی و پەرلەمانییان بەكۆنە پەرست و زاڵم- ئەوسا پێیان دەووت ئیستعمار!- دادەناو دیموكراتیخوازیشیان بەخوردە بورجوازی وێنادەكرد.

كەچی ئەمڕۆ هەر ئەو دوو وڵاتە بەپێچەوانەی هەموو بیروبۆچوونەكانی خۆیانەوە ڕەفتار و هەڵوێست دەنوێنن و زۆر بەڕاشكاوانە و بێ پەردە داكۆكی لە دیكتارتۆریەت دەكەن. سەیری سوریا، ئەوە زیاد لەشانزە مانگە، ڕژێمی ئەسەدی كوڕ، بەئاگرو ئاسن بەرەنگاری گەلانی سوریا بۆتەوەو ڕۆژانە سەدان و بگرە زیاتریشیان لێ دەكوژێ و خانوو ماڵیان بەسەردا دادەتەپێنێ و هەزارانیش دەربەدەر دەكات، كەچی ئەم دوو وڵاتە نەك هەر بێدەنگ نین لەسەر ئەو كوشتارە دەستەجەمعی یە، بەڵكو پشتیوانی ئەو ڕژێمە دیكتاتۆری یە دەكەن و بەهیچ شێوەیەك ناهێڵن بڕیارێك لەئەنجوومەنی ئاسایش بەسوودی خەڵكی ڕاپەڕی و شۆڕشگێڕی سوریادا دەربچێ، كەدەبوو بەپێی ئەو مێژووەی خۆیان، پێشەنگی پشتیوانانی گەلانی سووریا بوونایە.

ئەوەتا ڕووسیا و چین، بۆ جاری سێهەم لەئەنجوومەنی ئاسایش لە ڕۆژی 5 شەمەی پێشوودا دژی بڕیارێك بوون كە هەڕەشەی سزا لە حكوومەتی سوریا دەكات.

بەداخەوە ئەوانەی ڕۆژانێك قەڵای پشتیوانی گەلان بوون و شۆڕشگێڕییان بەسەر گەلاندا پەخش دەكرد، ئەوانن ئەمڕۆ، داكۆكی لە دیكتاتۆرییەت دەكەن. من لەبەرژەوەندی ئابووری ئەو ولاتانە دەگەم. بەڵام تا ئەو ڕادەیە چاوپۆشین لە گەرماوی خوێن هیچ پاساوێكی بۆ نابینم.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌