2012-07-09

حاكم شێخ لەتیف، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، هەندێ لە رەفتارەكانی حكومەتی ئێستای عێراق بە رژێمی بەعس دەچوێنێ و پێشبینیی ئەوە دەكات ئەم حكومەتەی ئێستای عێراق هێرشبكاتە سەر كوردستان. هەروەها ئاشكرای دەكات كە هەندێ وردەكاری و شتی هەیە لەسەر مەسەلەی پەلاماردانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، بەڵام دەڵێ  ناتوانم بیڵێم .
هەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان ئیمزای لەسەر داواكاری سەندنەوەی متمانە لە نوری مالیكی نەكرد، بەڵام حاكم شێخ لەتیف، هۆشداریی دەدات كە پڕچەككردنی سوپای عێراق لەلایەن مالیكییەوە بۆ پەلاماردانی كوردستانە. ئەم پەرلەمانتارە كوردە لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) گوتی ئەوەی ئەو دەیڵێ تەنها خوێندنەوەو شیكردنەوە نییە و گوتی "ئەم قسانە لە ئەنجامی هەندێ شت هاتووە، كە لە بەغدا خۆم بینیومە و بیستوومە. من نازانم چ رۆژێك حكومەتی عێراق لە رووی سەربازییەوە پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدات، بەڵام رەنگە ساڵێكی دیكە نەخایەنێ .
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ، زانیاری زیاتری لەوبارەوە نەداو گوتی "هەندێ شت هەن مەترسین و ناكرێ لە رێگەی رۆژنامەكان باسیان لێوەبكەم و ئەو مەترسییانەش بە بزووتنەوەكەی خۆم دەڵێم .

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌