| ئۆپۆزسیۆنی سوریا داوای پەلکێشکردنی هێزی نێودەوڵەتی دوای هەرەسی پلانی ئەنان دەکات |
2012-07-09 |
 |
|
|
ئەنجوومەنی نیشتیمانی سوریا لە بەیاننامەیەکیدا ڕایگەیاند، پێویستە دوای هەرەسهێنان و سەرنەکەوتنی دووبارەی پلانی نوێی کۆفی ئەنانی نێردەی هاوبەشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی بۆ سوریا بە شێوازێکی خێرا و پەلە هێزی نێودەوڵەتی دەست لە بارو دۆخی سوریادا وەربدات بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە کوشتنی هاووڵاتییانی بێ تاوان و ئازادیخوازی وڵات کە ماوەی چەندین مانگە لەلایەن ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە سەرکەوت دەکرێن. ئەنجوومەنی نیشتیمانی سوریا هەروەها ڕاشیگەیاند، لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەزامەندی نیشان نەدا بۆ بەشداریکردنی لە کۆنگرەی چارەسەری قەیرانی ئاڵۆزی سوریادا مانای دووبارە هەرەسهێنانی پلانی نوێی نێردەی هاوبەشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە سوریادا دەبەخشێت. عەبدولباست سەیدای سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانی سوریا لەهەمان بەیاننامەی ئەنجوومەنەکەیدا ڕاو بۆچوونی خۆی لەمەڕ پلانی نوێی کۆفی ئەنان دەخاتە ڕوو و ڕایدەگەیەنێت، ڕژێمی بەشار ئەسەد لە پلانی ئاشتییانەی یەکەمی ئەناندا هەرگیز پابەند نەبوو و هاوکات لەکاتی ئاگربەستیشدا هەڵمەتە سەربازییەکانی بۆسەر گەلی وڵات ڕانەگرت و لەئێستاشدا ئەگەری ئەوە هەیە و وا پێشبینی دەکرێ دووبارە هەرەس بەو پلانە نوێیەی ئەنان بهێنێتەوە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەری قەیرانی ناوخۆیی سوریا پوچەڵ بکاتەوە، بۆیە ئەنجوومەنی نیشتیمانی سوریا داوای دەست تێوەردانی نێودەوڵەتی دەکات و خوازیارە هەرچی زووترە سنوورێک بۆ کوشتن و بڕینی گەلی سوریا دابندرێت. |
| |
|
|
|