| پزیشكێكی كورد موژدەی چاكبوونەوە دەداتە تووشبووانی شێرپەنجە |
2012-06-19 |
 |
|
|
دكتۆر جەنگی ساڵەیی: شێرپەنجە لە نەخۆشییەكی كوشندەوە بۆتە نەخۆشییەكی درێژخایەن لە دیمانەیەكی تایبەتی رۆژنامەی خەباتدا، دكتۆر جەنگی شەوكەت ساڵەیی پسپۆر لە نەخۆشییەكانی گرێ و شێرپەنجە، باس لە هۆكارو قۆناغەكانی شێرپەنجە دەكات و هاوكات رێگەچارەی ئەم نەخۆشییەیش دەخاتەڕوو، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو پزیشكە كوردە موژدەی ئەوە دەدات كە نەخۆشی شێرپەنجە لە ئێستادا وەك نەخۆشییەكی درێژخایەن چاوی لێدەكرێت و دەڵێت: دەتوانم بڵێم ئێستا نەخۆشی شێرپەنجە تا رادەیەك كوشندە نییە. ئەمەو چەندین پرسیاری دیكەیش كە تا ئێستا لە بیرو هزری تەواوی تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە بە قەتیسماوی ماونەتەوە، ئەو پسپۆرە وەڵامی دروست و وردەكارییەكانی باس دەكات: دیمانە: فیروزە یوسفدكتۆر جەنگی ساڵەیی لە سەرەتای دیمانەكەدا هۆكارەكانی تووشبوون و پێناسەی نەخۆشی شێرپەنجەی بەمجۆرە باسكرد: شێرپەنجە بریتییە لە زیاد گەشەكردنی خانەكانی بەشێك یان پارچەیەك لە پارچەكانی لەش و ئەو خانەیەش بە زوویی گەشە دەكات و بە میكرۆسكۆبی ئاسایی نابینرێت و لە ماوەیەكی كورتدا یەك خانە دەبێتە دوو و دوو دەبێتە چوار و ..هتد، ئەوەیش دەبێتە گرێ و ئەگەر بە زوویی دەستنیشان بكرێت و لە قۆناغی یەكەمدا بگاتە لای پزیشكی پسپۆر، رەنگە بە یەك نەشتەرگەی چارەسەری بۆ بكرێت و پێویستی بە هیچی تر نەبێت، ئەگەریش ئەو گرێیە لە دەوروبەری خۆی گەشەی كرد و گەیشتە پارچەكانی تری لەش لە پارچە نزیكەكانی خۆی، ئەوە قۆناغەكەی پێشدەكەوێت. بە گشتی لە شێرپەنجە چوار قۆناغمان هەیە لە قۆناغی یەكەم و دووەمدا گرێیەكە لە جێگای خۆیەتی و بە ئاسانی چارەسەر دەكرێت و بە نەشتەرگەری دەتوانین ئەو گرێیە لەو شوێنە دەربكەین، هەرچەندە هەندێ جار پێویستمان بە دەرزی كیمیاوی یان لێدانی تیشك هەیە بۆ تەواو كردنی چارەسەرەكە، لە قۆناغی سێیەم نەخۆشییەكە پێش دەكەوێ و لە جێگای خۆی دزە دەكات، لەم قۆناغەدا پێویست بەوە دەكات كە بە دەرزی كیمیاوی یان لێدانی تیشك گرێیەكە بچووك بكەینەوە، ئینجا نەشتەرگەری بۆ بكەین. لە قۆناغی چوارەمیش نەخۆشییەكە زیاتر تەشەنە دەكات و بڵاودەبێتەوە، واتا گرێیەكە لە شوێنێكەوە چۆتە شوێنێكی دیكە، بۆ نموونە گرێیەكە لە مەمكی ئافرەتەوە دەچێتە جگەر، ئێسك، مێشك یان سیپەلككان. بۆیە لەم قۆناغەدا چارەسەرەكە قورستر دەبێت و تەنیا چارەسەری كیمیاوی بە كەڵكی دێت وە لە هەندێ كاتدا پێویستمان بە چارەسەری تیشكی و چارەسەری هۆرمۆنی دەبێت. بەڵام ئێستا، خۆشبەختانە و بە هەوڵ و كۆششی زانایان چارەسەرێكی دیكە پەیدابووە ئەویش چارەسەری بایۆلۆجییە، كە كۆمەڵە دەرمانێكی تازەن و رۆڵی زۆر گرنگیان هەیە لە چارەسەركردنی نەخۆش و درێژكردنەوەی تەمەنی و نەهێشتنی ئێش و ئازارەكانی. هەروەها باسیش لە چارەسەری جیناتیش دەكرێ و بە چڕی كاری لەسەر دەكرێت، هەرچەندە تا ئێستا لەسەر نەخۆش بە كارنەهاتووە ، بەڵام ئومێد دەكەم لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو چارەسەرەیش بخرێتە نێو لیستی چارەسەرییەكانی دیكەی شێرپەنجە. رێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە وڵاتی ئێمە كەمتر نییە لەو رێژەیەی لە وڵاتانی دیكە هەیە سەبارەت بەرێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە كوردستان و بەراوردكردنی بە وڵاتانی دیكە، دكتۆر جەنگی ساڵەیی دەڵێت: "زۆر زەحمەتە هەروا بە سانایی ژمارەیەك لێبدەین و بڵێین ئەوەندە كەسە تووشبووە بە نەخۆشی شێرپەنجە لە كوردستان هەیە، چونكە تا ئێستا ئامارێكی پڕو پووختەمان نییە، كە بە بۆچوونی من ئەوە یەكێكە لە خاڵە هەرە لاوازەكانی وەزارەتی تەندروستی، من بە راشكاوانە دەیڵێم كە لەم بوارەدا زۆر كەمتەرخەمین، رەنگە خۆشم یەكێك بم لەو كەسانەی كە بەرپرسین لەم كەموكوڕیە، كە كەمتەرخەمیمان كردووە لە هەبوونی ئامارێكی راست و دروست، بەڵام بەدڵنیاییەوە رێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە وڵاتی ئێمە كەمتر نییە لەو رێژەیەی لە وڵاتانی دیكە هەیە ئەگەر زیاتر نەبێت، بە تایبەتیش لەم ساڵانەی دواییدا كە هەست دەكەین رێژەكەی زیاتربووە. وەكو ژمارە ساڵانە باس لە دەست نیشانكردنی 10-12 هەزار حاڵەتی تازە دەكرێت، بەڵام دەبێ ئێمە ئەوە بزانین كە بێجگە لەم رێژەیە نەخۆشی تر هەیە كە لە سالانی پێشو دەستنیشان كراون. بە گوێرەی ئامارە جیهانییەكان بەگشتی لە هەر 1000 كەس 2-3 كەس ئەگەری تووشبوونیان هەیە بە شێرپەنجە و لای ئێمەش هەر بەم چەشنە دەیخەمڵێنین. دەبێ ئەوەش بزانین كە هەندێك جۆری شێرپەنجە هەن بڵاوترن لەوانی تر، بۆ نموونە لە نێرینەدا شێرپەنجەی پرۆستات و لە مێینەدا شێرپەنجەی مەمك بڵاوترین جۆری شێرپەنجەن، بەڵام شێرپەنجەی سییەكان كوشندەترین جۆری شێرپەنجەیە كە هۆكاری نزیكەی %30 ی مردنە لە تووشبووان بەم نەخۆشیە وە سەلمێندراویشە كە هۆكاری سەرەكی تووشبوونیش بە شێرپەنجەی سییەكان جگەرەكێشانە. هەر سەبارەت بە رێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە دكتۆر جەنگی ساڵەیی ئاماژە بەوە دەدات، كە گریمانەی ئەوەیش هەیە رێژەی تووشبوون زیادی نەكردبێت، بەڵام پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و تواناو شارەزایی لە دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە زیاترە و ئەگەر جاران نەتوانرابێت هەموو حاڵەتەكان دەستنیشان بكرێن، ئەوا ئێستا بە دەگمەن نەبێت هیچ حاڵەتێك لە پزیشك و پسپۆری ئەم نەخۆشییە ون نابێت. با چیتر نەخۆشەكانمان نەڕۆنە دەرەوەی وڵات، دڵنیابن لە %90ی چارەسەری نەخۆشییەكە لە كوردستان هەیە زۆرجار بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە تووشبووان روو لە دەرەوەی وڵات دەكەن و ئەوەیش جیا لە خەرجییەكی زۆر، ئەركێكی قورسەو رەنگە هەموو نەخۆشێك لە توانایدا نەبێت روو لە وڵاتە پێشكەوتووەكان بكات، سەبارەت بەم پرسە ئەو پزیشكە پسپۆرە دەڵێت: "من هەموو جار ئەوەم دووبارەكردۆتەوەو ئێستایش دەڵێم تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە تەنیا حاڵەتێكی تەندروستی نییە، بەڵكو لە رووی ئابووری و كۆمەڵایەتیشەوە كێشەیەكی گەورەیە، چونكە دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی لە رووی ئابوورییەوە خەرجییەكی زۆری دەوێت و لە رووە كۆمەڵایەتییەكەیشەوە ئەو كەسانەی تووشی شێرپەنجە دەبن كەسوكارەكەیان دەبێ زۆر بەوردی چاودێریان بكەن و خودی خۆیشیان كەسانی ئەكتیڤ و كاران لەناو كۆمەڵگە كە بەهۆی تووشبوونیان بەم نەخۆشییەوە توانای پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیان لاواز دەبێت یاخود هەر نامێنێ، بەداخەوەش لە وڵاتی ئێمە وەكو پێویست گرنگی بە تووشبووانی ئەم نەخۆشییە نەدراوە، راستە ئەمساڵ لە پار باشترین و پاریش رەنگە لە ساڵانی دیكە باشتربووبین، بەڵام هەر وەكو پێویست نییە، چونكە خواستی ئێمە زۆر زیاترە لەوەی تا ئێستا كراوە. سەبارەت بە چوونە دەرەوەی وڵاتیش تا ئێستا هیچ نەخۆشێك نەهاتۆتە لای كە خۆی یان كەسو كاری پرسیاری ئەوە نەكات كە بڕواتە دەرەوەی وڵات یان نا، چونكە هەموویان بیستوویانە كە لە وڵاتانی دەرەوە گرنگی زیاتر بەم نەخۆشییەو تووشبووانی دراوە، كە ئەو گرنگییەی لە وڵاتی ئێمە بە تووشبووانی شێرپەنجە دەدرێت لە ئاستی خواستی ئێمە و نەخۆشەكانیش نییە، بەڵام ئەگەر لە من بپرسیت ئایا نەخۆش بچێتە دەرەوەی وڵات یان نا؟ من دەڵێم: نەخێر. هەرچەندە ئەم نەخێرەم %100 نییە، بەڵكو %75-90 دەتوانم بڵێم ئێمە دەتوانین هەموو ئەو چارەسەرانەی لە دەرەوەی وڵات هەن لێرەش دابینی بكەین و نەخۆشەكانی خۆمانی پێ چارەسەر بكەین، لەگەڵ ئەوەشدا كە ئێمە سەنتەری تایبەت و زۆر پێشكەوتوومان نییە بۆ چارەسەری شێرپەنجە، بەڵام زۆربەی دەرمانە كیمیاوییەكان و پسپۆرو نەشتەركاری باش هەن، تەنیا ئەوە نەبێت كە لە چارەسەری تیشك گرفتمان هەیە، چونكە یەك ئامێری تیشكمان لە هەولێر هەیەو ئەویش زووزوو لەكار دەكەوێت، واتا كەموكوڕیمان هەیە، بۆیەش نەخۆش كە ئەو كەموكوڕییانە دەبینێ روو لە دەرەوە دەكات، بۆیە من دووبارەی دەكەمەوە كە دڵنیابن لە %90ی چارەسەری نەخۆشییەكە لە كوردستان هەیە و پێویستمان بە چوونە دەرەوە نییە. ئایا بە نەخۆش بوترێت كە ئەم نەخۆشییەی هەیە؟ دكتۆر جەنگی ساڵەیی لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا وتی: ئێمە بە مافی نەخۆشی دەزانین، كە بزانێت جەستەی چی بەسەرهاتووەو چ نەخۆشییەكی هەیە، بەڵام ئەم نەخۆشییە پێویستی بە ورەیەكی بەرز هەیەو ئەگەر بزانین نەخۆشەكانمان ورە بەرنادەن و هاوكاریمان دەكەن راستەوخۆ پێیان دەڵێین چ نەخۆشییەكی هەیە، چونكە ورەبەرزیی نەخۆش بەشێكی هەرە گرنگ و كاریگەری چارەسەرەكەیەتی، بەڵام ئەو نەخۆشەی ورە بەردەدات جەستەی بەرگری نامێنێ، پێویستە ئەوەش بڵێم كە جاران شێرپەنجە بە نەخۆشییەكی كوشندە ناوزەد دەكرا، بەڵام ئێستا دووبارەی دەكەمەوە كە شێرپەنجە لە نەخۆشییەكی كوشندەوە بۆتە نەخۆشییەكی درێژخایەن و ئەگەر زوو دەستنیشان بكرێت و چارەسەری تەواوی بۆ بكرێت و نەخۆشەكەیش ورەی بەرز بێت لە %50 تووشبووان بە یەكجارەكی چارەسەر دەكرێن، واتا لە %100ی نەخۆشییەكەیان بنبڕ دەكرێت، ئەوەی پێویستیشە لێرەوە بیڵێم لەنێو كۆمەڵگەی ئێمەدا ئەو نەخۆشییە بە نەخۆشییەكی كوشندە ناوی دەركردووە، بۆیە ئەو بێئومێدییە لەوەوە پەیدابووە كەسانێك كە هەست دەكەن تووشی ئەو نەخۆشییە بوونە ورە بەردەدەن و ئەوەیش بەرگری لەشیان كەم دەكاتەوەو ئەوكاتەش چارەسەری ئاسان نییە. هەموو دەرمانێك كیمیاییە، بەڵام هەموو گرێیەك شێرپەنجە نییە هەركات ناوی گرێ یان دەرزی كیمیایی دەبیستین، تەزوو بە لەشماندا دێتەوەو لە هەردوو حاڵەتیشدا نەخۆشی شێرپەنجە لە دیدەمان وێنادەكرێت، بۆیە لە دكتۆر جەنگی ساڵەییمان پرسی: پێناسەی (گرێ _ دەرزی كیمیایی)ـمان بۆ بكە، ئەو وتی: گرێ_ زیاد گەشەكردنی خانەكانی لەش و تۆپەڵەبوونیان لە شوێنی خۆیان، بەڵام مانای ئەوە نییە هەموو گرێیەك شێرپەنجە بێت، چونكە بەشێكی كەم لەم گرێیانە گرێی شێرپەنجەیین. دەرزی كیمیاوی: هەموو دەرمانێك كیمیاییە، پێویستە هەموو كەسێكیش ئەوە بزانێت هەر ئەو كیمیاوییەیە كە ژیانی ملیۆنان كەس لە مەرگ رزگار دەكات و دووریان دەخاتەوە لە ئێش و ئازار، بەڵام دەبێ بزانین كەی و چۆن و بۆ كێ بەكاری دەهێنین. لە ساڵی 2011دا چەندین نەخۆش لە قۆناغی چوارەمدا چاكبوونەتەوە دكتۆر جەنگی سەبارەت بەو نەخۆشانەی كە لە قۆناغی چوارەم بوونەو چاكبوونەتەوە دەڵێت: دیسانەوە دەڵێم كە هەرچەندە هیچ ئامارێكی گشتی لەبەردەست نییە، بەڵام تەنیا لە ساڵی 2011دا لەلای ئێمە چەندین نەخۆش هەبوون، كە لە قۆناغی چوارەمی نەخۆشییەكە بوون و ئومێدی ژیانیان لاوازببوو، كەچی بەهۆی رێكوپێكی لە چارەسەر و ورەبەرزی خۆیان چاكبوونەتەوەو تەندروستیشیان زۆرباشە. ئایا دەتوانرێت خۆپاراستن بكرێت لەم نەخۆشییە؟ گوتویانە خۆپاراستن باشترە لە چارەسەركردن (الوقایە خیر من العلاج) بۆیە لە دكتۆرمان پرسی ئایا دەتوانین خۆمان بپارێزین لەم نەخۆشیە؟ ئەو وتی: بەڵێ. بە دڵنیاییەوە دەڵێم بەڵێ، چونكە لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە كە نزیكەی %50 هۆكارەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە دەستكردن و لە ئاكامی كەموكووڕی خۆمان تووشمان دەبێت وەك جگەرەكێشان، خواردنی نادروست و خواردنەوەی مەشروب، پیسی ژینگە، نەكردنی وەرزش و خراپ بەكارهێنانی دەرمان و چارەسەرنەكردنی نەخۆشییە درمییەكان وەك ڤایرۆس و هەندێك بەكتریا، بۆیە ئەگەر هاتوو توانیمان ئەم هۆكارانە كەم بكەینەوە ئەوا ئەگەری تووشبوون بەم نەخۆشیە كەم دەكەینەوە، كە تەنانەت هەندێ جار باس لەوە دەكرێت كە دەتوانرێت %50 لە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە كەم بكەینەوە. ورەبەرزەكان چاك دەبنەوە لە درێژەێ قسەكانیدا دكتۆر جەنگی شەوكەت ساڵەیی پسپۆر لە نەخۆشییەكانی شێرپەنجەو گرێ جیالەوەی رێنمایی تووشبووان بە نەخۆشی شێرپەنجە دەكات، هاوكات چاكبوونەوە لەم نەخۆشیەیش بە ورەی تووشبووانی دەبەستێتەوەو دەڵێت: شێرپەنجە جەنگێكە لەنێوان دەرمان و نەخۆشییەكەدا، براوە لەم جەنگە ورەبەرزەكانن، ئەوەی لە جەنگدا ورەی بڕووخێ لای هەمووان ئاشكرایە دەدۆڕێت، بۆیە رێنمایی هەموو تووشبووان بە شێرپەنجە دەكەم ورەیان نەڕوخێت، چونكە وەك پێشتر باسمان كرد كە چاكبوونەوە لەم نەخۆشییە تا رادەیەك پەیوەستە بە ئاستی ورەی نەخۆشەكە، چونكە ورەبەرزی بەرگری لەش زیاد دەكات و لەوكاتەیشدا خۆراكیان باشتر بۆ دەخورێت و دەتوانن ڤیتامینات و خۆراكی پێویست زیاتر بخۆن، ئەوەیش پاڵپشتێكی باشی دەرمانەكان دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكە، بۆیە ئومێد دەكەم هەموو نەخۆشەكانمان ورەیان بەرزبێت و هەموویان پابەندبن بەو رێنماییانەی كە بۆیان دیاری دەكرێت. دوایین وتە ئومێدەوارم وەزارەتی تەندروستی ئاوڕێكی باش بداتەوە لە بواری چارەسەركردنی نەخۆشی شێرپەنجە، چونكە بەڕاستی نەخۆشەكانی ئێمەش وەك هەموو نەخۆشانی جیهان چاویان لەوەیە كە بەڕێكی چارەسەر بكرێن و رێگاو جێگای تایبەتی و باشیان بۆ دابین بكرێت، كە تیایدا بە ئارامی و بەڕێزەوە دەرمانەكانیان وەرگرن و دەرمانەكان بە بەردەوامی دابین بكرێت، تاوەكو نەخۆش لە دڵەڕاوكێی ئەوە نەبێت ئایا ئەم مانگە دەرمانەكەی هەیە یان نیە؟ ئەگەر نەبێت چی بكات؟؟ چۆن پەیدای بكات؟ بە چی بیكڕێت!؟. بازاڕو بودجە ئێستا وتووێژێكی چڕوپڕ هەیە سەبارەت بە بودجەی ئەمساڵ كە بریتییە لە 15 تریلیۆن و 245 ملیار و 797 ملیۆن دینار. لە ڕاستیدا ئەوە كاری ئەندامانی پەرلەمانە كە بە وردی لە بودجەی هەرێم بكۆڵنەوە و كەموكوڕییەكانی دەسنیشان بكەن و وتووێژی لەسەر بكەن. بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێ لەم مەسەلەیەدا كە خەریكە خەڵكی تر خۆی لەو بابەتەوە هەڵدەقورتێنی و بۆ دەسكەوتی تایبەتی خۆیان ئەو مەسەلەی دەوروژێنن. هێشتا هەموو بڕگەكانی بودجە نەخراوەتە بەرباس و 33 ماددە یاسایی بودجە ماوە كەچی هەر لە ئێستاوە هەندێك (كەمپینی) دەستپێكردووە و بانگەواز بۆ رای گشتی دەنیرێ بەناوی (دەستەی رێكخەرانی ئامادەسازی خۆپیشاندان) دژی تێپەڕاندنی بودجە. بەڕاستی ئەو دەستوەردانە لە كاری پەرلەمان و سەر لێتێكدانی خەڵكیشە و شێواندنی بازاڕیشە كە ئێستا بە ئاشكرا هەستی پێدەكرێ. بۆ ئەم زاتانە بەرامبەر بەغدا و حكوومەتی مالیكی كە بودجەی هەرێمی كوردستان بە كەموكوڕی دەنێری و بەئارەزووی خۆیان دوای دەخەن فزەیان لێوە نەهات؟ پرسیارێكە خەڵكی نێو بازاڕ و هاووڵاتی دەیكات.
|
| |
|
|
|